سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پێشووی ڕۆشنبیریی مسر و شاندێكی یاوەری دەكات
لە دانیشتنێكدا وەزیری پێشووی ڕۆشنبیریی مسر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئەو نەهامەتی و گرفتانە كرا كە لەسایەی سیستەمە دیكتاتۆری و تۆتالیتارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە و بوونەتە هۆی دواكەوتوویی و ئازاری كۆمەڵگەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا.
بەشداربووانی دانیشتنەكە جەختیان لەوە كردەوە كە سیستەمە سیاسییەكانی ناوچەكە هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی گرفتە دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی وڵاتەكان بوونە.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەدژی دیكتاتۆری و چەوسانەوە بۆ شاندی میوان باس كرد. سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە مایەی شانازییە كە گەلی كورد سەرباری ئەو ڕەفتارە دڕندانەی لەبەرانبەریدا ئەنجام دران، هیچ كات ئامادە نەبوو پەنا بۆ تیرۆر و تۆقاندن و تۆڵەسەندنەوە ببات و ئەم هەڵوێستەی گەلی كورد بووە هۆی ئەوەی كە بە هێز و هیوا و متمانەوە بەرەو بنیاتنانی وڵاتەكەی هەنگاو بنێت.
