چەلەبی: پشتگیری بارزانی دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی عێراق

 چەلەبی: پشتگیری بارزانی دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی عێراق
ئەحمەد چەلەبی، سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، پشتگیری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی نوێی عێراق.

ئەحمەد چەلەبی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ كەناڵی (مەیادین)ی نزیك لە حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "رەوشی ئەمنی ئەمڕۆی عێراق جێی دڵەراوكێیەو ئەوەی ئێستا لە عێراق بەرپایە، جەنگەو دۆخی ئابووری و دارایی عێراق دڵخۆشكەر نییە".

چەلەبی گوتیشی "پشتگیری مەسعود بارزانی دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی نوێی عێراق، هاوكات پشتگیری پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دەكەم لە عێراق لەگەڵ بوونی ئۆپزیسیۆنێكی بەهێز، چونكە حكومەتی ئیئتلافی دەكرێ پەردەپۆشی بۆ گەندەڵی بكات".

سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراق راشیگەیاند، "كورتهێنانی راستەقینەی بودجەی فیدراڵی ساڵی 204ـی عێراق دەگاتە 35% و یەدەگی عێراق لە سەندووقی پەرەپێدانی عێراق لە ئەمریكا (DFI) ئێستا نزیكەی 4 ملیار دۆلارەو بڕگە تایبەتەكان بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە بودجە، واقعی نین".

ئەحمەد چەلەبی ئاماژەی بەوەشدا، كە "عێراق رۆڵێكی گرنگ دەگێرێ لە چارەكردنی قەیرانی سووریا و تۆمەتباركردنی سعودییە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر لە عێراق، جێی قبوڵ نییە".

ئەمە لە كاتێكدایە كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق و جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق بەهۆی نەخۆشكەوتنی هێشتا نەگەراوەتەوە عێراق و مشتومر هەیە لە بارەی ئەو كەسەی، كە دەبێ لە بڕی تاڵەبانی ببێتە سەرۆك كۆمار.








رووداو
Top