بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌، چه‌ند كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌و هه‌ر پارێزگایه‌كیش چه‌ند كورسی به‌رده‌كه‌وێت

بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌، چه‌ند كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌و هه‌ر پارێزگایه‌كیش چه‌ند كورسی به‌رده‌كه‌وێت
بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق نۆ هه‌زار و چل كه‌س و بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمیش 713 كه‌س خۆیان كاندید كردوه‌، هه‌روه‌ها بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق 21 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

هه‌ندێرن محه‌ممه‌د، به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ئاژانسی ئانادۆڵی راگه‌یاند: بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك 713 كه‌س خۆیان كاندید كردوه‌.

پێشتریش كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بڵاوی كرده‌وه‌، بۆ په‌رله‌مانی عیراق نۆ هه‌زار و چل كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق خۆیان كاندید كردوه‌ و به‌سه‌ر 107 لیست و قه‌واره‌دا دابه‌ش بوون.

سه‌عات دوانزه‌ی شه‌وی دووشه‌ممه‌، یه‌كه‌م ساته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌ستیپێكرد. بڕیاره‌ بانگه‌شه‌ تا 28ی مانگی نیسان به‌رده‌وام بێ و له‌ 30ی نیسانی داهاتوودا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ عیراق، 21 ملیۆن ‌و 400 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.
په‌رله‌مانی عیراق 328 كورسییه‌، به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
پارێزگای هه‌ولێر 15 كورسی.
پارێزگای سلێمانی 18 كورسی.
پارێزگای دهۆك 11 كورسی.

ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم 90 كورسییه‌ و له‌ ساڵی 2005وه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌دراوه‌‌، به‌شی هه‌ر پارێزگایه‌كیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌:-
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر 30 كورسی.‌
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی 32 كورسی.‌
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك 28 كورسی.

به‌پێی ئاماری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، رێژه‌ی دانیشتوان و ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه‌.

ژماره‌ی دانیشتوان، پێنج ملیۆن و 169 هه‌زار كه‌سن.
ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌: دوو ملیۆن و 785 هه‌زار كه‌س.






خه‌ندان
Top