سەرۆكی هەرێمی كوردستان نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی لە شاری هەولێر كردەوە
لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگاكە سەرۆك بارزانی وتەیەكی بە زمانی عەرەبی بۆ میوانان و ئامادەبووان پێشكەش كرد. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و ئامادەكارانی پێشانگاكە كرد و ڕایگەیاند ئەم پێشانگایە و ئامادەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی ڕۆشنبیر متمانە و هیوا و هێزی زیاترمان پێدەبەخشێت. خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا لەوەی پێشانگەكە لەچاو ساڵانی پێشوو پێشكەوتووتر و ڕێكخستووترە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا هێمای بەوەدا كە ڕۆشنبیری بنەمای بنیاتنانی ژیانە و ئەو گەلەی چەكی فەرهەنگی لەدەستە دەتوانێ ئاییندەی خۆی بنیات بنێت و خۆشەویستیی خەڵكی كوردستانیش بۆ كتێب و پێشوازیی خەڵكی كوردستانیش لەم پێشانگایە بە بەڵگەیەك زانی بۆ ڕێزگرتنیان لە ڕۆشنبیر و فەرهەنگ و قەڵەم. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێگەی شانازیی كە ئازادیی تایبەت و گشتیی خەڵك پارێزراوە و بەڵگەیش ئەوەیە كە لەم پێشانگایەدا ئازادییەكی تەواو هەیە لە چاپەمەنی و دوورە لە چاودێری و سانسۆر. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی ناوەندی ئەلمەدا و فەخری كەریمی لە ئامادەسازیی و پەیوەندی لەگەڵ كەسایەتی و ناوەندە فەرهەنگییەكان بۆ ڕێكخستنی ئەم پێشانگایە بە بەرز نرخاند.
