وردەکاریی دەمەقاڵێی نێوان پەرلەمانتارانی کورد و لیستی دەوڵەتی قانوون
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ھاوپەیمانیی کوردستانی، شلێر عەزیز، بە kdp.infoـی راگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی ھەوڵی دا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە گفتوگۆ لەبارەی پێدانی حەسانە بە ئەندامانی کۆمسیۆن بکرێت، دواتر مشتومڕ لەنێوان ئەندامانی لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی و سەرۆکایەتیی پەرلەمان روویدا و ئەندامانی لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی لە کۆبوونەوە چوونە دەرەوە.
شلێر عەزیز گوتیشی: لە کاتی دەرچوونی ئەندامانی لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی، یاسین مەجیدی پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی قانوون ئاماژەی بۆ کورد کرد گوتی پیرۆزتان بیَت ئەو سەفقە سیاسییە و دواتر پەرلەمانتاری کورد، جولە حاجی وەڵامی دایەوە، بەڵام یاسین مەجید وشەیەکی زۆر ناشرینی بە کار ھێنا و منیش پێم گوت پێویستە وشەی جوان بە کار بێنی چونکە تۆ پەرلەمانتاری.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونی کردەوە، دوای ئەوەی لە ھۆڵی کۆبوونەوە ھاتینە دەرەوە و لەناو کافیتریا جارێکی دیکە دەمەقاڵێ لەنێوان ئێمە کە سێ پەرلەمانتاری ئافرەت بووین و یاسین مەجید روویدا و دیسان وشەی ناشرینی لەبەرامبەر ئێمە بە کار ھێنا و ئێمەش وەڵامی ئەومان دایەوە و پەرلەمانتاران ھاتنە نێوانمان و دەمەقاڵێیەکە کۆتایی ھات.
ناوبراو ئاماژەیشی دا، ئێمە سکاڵامان لە کۆمسیۆن لەسەری تۆمار کردووە و پێویستە داوای لێبوردن بکات و لە ھەڵبژاردن دوور بخرێتەوە، چۆن ھەندێک لە پەرلەمانتاران لەسەر خراپیی ھەڵسوکەوتکردن دوور خراونەتەوە، ئەویش بە ھەمان شێوە دوور بخرێتەوە.
