له 31ى ئادارى ساڵی 1991 كۆڕه‌وى ملێۆنى گه‌لى كوردستانى عێراق، ویژدانى جیهانى هه‌ژاند ، له رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆى ئه‌و ساڵه‌داو به‌مه‌به‌ستى ناڕه‌زاى ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا زاڵمه‌كه‌ى رژیمى به‌عسى له‌ناوچوو له رێگه‌ى هێرش و زۆرى سه‌ربازییه‌وه بۆ كوردستان، گه‌لى كوردستانى عێراق مه‌زنترین كۆڕه‌وه‌ى بۆ سه‌ر سنوره‌كانى كوردستان ده‌ست پێ كرد، له‌و رۆژه‌دا زیاتر له ملێۆنێك هاوولاتى كوردستانى عێراق له‌ژێر باران و به‌سه‌ر به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كى شاخه‌كانى كوردستاندا رێرۆیشتنێكى تراژیدیانه‌یان ده‌ست پێ كرد، له ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆریان له برسان و له‌سه‌رمانا گیانى خۆیان له‌ده‌ست دا كه زۆربه‌یان منداڵ بوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له زۆر قۆناغى ئه‌و كۆڕه‌وه‌دا سوپاى عێراق به فڕۆكه‌و تۆپخانه بۆردمانى ئه‌و هاوولاتییه بێ چه‌ك و بێ تاوانانه‌ى ده‌كرد، كۆڕه‌و ریفراندۆمێكى جه‌ماوه‌رى بوو بۆ ره‌ت كردنه‌وه‌ى ژێرده‌ستى و چه‌وسانه‌وه و سه‌رله‌نوێ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و سوپایه‌ى كه هێرشى به‌دناوى ئه‌نفاله‌كانى بۆ سڕینه‌وه‌ى بوونى كورد ئه‌نجامدابوو، كۆڕه‌و هه‌ڵوێستێكى ده‌سته‌جه‌معى گه‌لى كوردستان بوو كه گوزارشتى له ئیراده‌ى میلله‌تێك ده‌كرد كه راپه‌ڕینى كرد‌و ئازادى به‌ده‌ست هێناو دواتر ئاماده نه‌بوو ده‌ستى لێ هه‌ڵبگرێت، كۆڕه‌و نه‌ك ته‌نیا بۆ پاراستنى ئه‌و ئازادییه بوو به‌ڵكو بۆ ناساندنى دۆزى ره‌واى كورد بوو به هه‌موو جیهان، كۆڕه‌و دۆزى كوردى برده‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تى به‌جۆرێك كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى چیدى نه‌یتوانى چاو له‌و زوڵمه مێژووییه بپۆشێت كه سه‌دان ساڵ بوو له كورد ده‌كرا، شیاوى باسه رژیمى به‌عس له‌رێگه‌ى زنجیره‌یه‌ك هێرشى سه‌ربازى دڕندانه‌وه له 27ى ئادارى ئه‌و ساڵه‌وه توانیبووى كه‌ركوكى دڵى كوردستان و شارى هه‌ولێرو زۆر ناوچه‌ى تر‌ى هه‌رێمى كوردستانى ئازاد كرا‌و بگرێته‌وه‌و زۆر كرده‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵ كوشتنى له‌دژى هاوولاتیانى ئه‌و شار‌و ناوچانه به‌ئه‌نجام گه‌یاندبوو، له‌و هێرشانه‌دا رژیمى له‌ناوچوو به‌ته‌واوى ماشێنى جه‌نگى خۆیه‌وه كه‌وتبووه گیانى ئه‌و هاولاتییه مه‌ده‌نیانه‌ى تا ئه‌و كاته له شاره‌كاندا مابوونه‌وه، به‌ڵام گه‌لى كوردستان له‌رێگه‌ى كۆڕه‌وه‌وه ئه‌و هێرش و زۆردارییه‌ى ره‌ت كرده‌وه و سه‌لماندى گه‌ر له رووى سه‌ربازیشه‌وه نه‌توانێت رێ له هێرشى سوپایه‌كى وا به زه‌بروزه‌نگ بگرێت ئه‌وا ئاماده‌یه له پێناوى ئازادى و ره‌ت كردنه‌وه‌ى ژێرده‌سته‌یى و چه‌وسانه‌وه، مه‌زنترین كۆڕه‌و له مێژووى هاوچه‌رخى كوردستاندا تۆمار بكات، كۆڕه‌و رێى نه‌دا سه‌رله‌نوێ دۆزى ره‌واى كورد به‌دوور له ویژدانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و چاوى ولاتانى بڕیاربه‌ده‌سته‌وه سه‌ركوت بكرێته‌وه‌و نه‌یهێشت ئه‌و ئازادیه‌ش خه‌ڵتانى خوێن بكرێت كه راپه‌ڕینى ئادارى 1991 بۆ گه‌لى كوردستانى به‌ده‌ست هێنابوو، كۆڕه‌و نه‌یهێڵا دۆزى ره‌واى كورد وه‌كو جارانى تر وه‌كو كێشه‌یه‌كى ناوخۆى بمێنێته‌وه، له‌وه‌شدا ئه‌و شۆڕشه‌ى له‌بوارى گه‌یاندندا رووی‌دابوو رۆڵێكى مه‌زنى گێڕا، چونكه رۆژنامه‌نووسان و میدیاكانى جیهان زۆربه خێراى هه‌واڵ و وێنه تراژیدییه‌كانى كۆڕه‌وى ملێۆنى گه‌لى كوردستانى عێراقیان به هه‌موو جیهان گه‌یاند، به‌وه‌ش راى گشتى ئه‌وروپا و ئه‌مریكاو سه‌نته‌ره بڕیاربه‌ده‌سته‌كان و گرووپه‌كانى گوشار له هه‌موو جیهان دیمه‌نه‌كانى كۆڕه‌ویان بینى و چیدى كه‌س نه‌یتوانى چاو له‌و زوڵمه بپۆشێت كه به‌به‌رچاوى جیهانه‌وه له كورد ده‌كرا.
هه‌ربه‌هۆى كۆڕه‌وه بوو پاش چه‌ند رۆژێك و له 5ى نیسانى ساڵی 1991 ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى ژماره 688ى ده‌ركردو تیایدا ئاماژه‌ى به‌و كرده‌وانه‌ى رژیمى به‌عس كرد كه‌له دژى دانیشتوانى مه‌ده‌نى عێراق ده‌یكات و به‌ناو باسى له هاولاتیانى كوردستانیش كردووه و له به‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌و بڕیاره‌دا زۆربه ئاشكرا سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و كرده‌وه سه‌ركوت كردن و داپڵۆساندنه‌ش كراوه و داواش له به‌غدا كراوه ده‌سته‌به‌جێ ئه‌و كرده‌وانه بوه‌ستێنێت و دایه‌لۆگ بكات و رێز له‌مافه‌كانى مرۆڤ و مافه سیاسییه‌كانى ته‌واوى هاولاتیانى عێراق بگرێت، هه‌رله‌وێشه‌وه ئیتر مه‌زنترین هه‌ڵمه‌تى فریاگوزارى بۆ كوردستانى عێراق ده‌ستى پێكردو قۆناغێكى نوێ له مێژووى كوردستانى عێراق ده‌ستى پێكرد كه رێگه‌ى خۆش كرد له باوه‌شى ئازادی‌دا هه‌ڵبژاردنێكى گشتى دیموكراتیانه ساز بدات كه ته‌واوى نه‌ته‌وه‌و ئاینه جیاوازه‌كانى هه‌رێمه‌كه تیایدا به‌شداربوون .
Ktv