دواى ئهوهى تاوانبارێك هاووڵاتییەكی لە مەلائۆمەر كوشت؛ ئەمڕۆ دەستگير كرا
وتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕائید كاروان شێخ عەبدولكەریم ئەمڕۆ 30/3/2014 ڕایگەیاند، پاش ئەوەی دوێنێ شەو لە كۆمەڵگای مەلائۆمەر لە هەولێر، هاووڵاتییەك لەسەر ڕاكێشانی ئاو كوژرا، هێزەكانی پۆلیسی شاوێس پەڕاوی ڵێكۆلینەوەیان بۆ ئەو ڕووداوە كردەوە و هەروەها دەستیان كرد بە گەڕان بۆ دەستگیركردنی تاوانبار و لە كاتی گەڕانیش بە دوایدا، تاوانبار خۆی رادەستی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شاوێس كرد.
گوتیشی: دادوەری ڵێكۆڵینەوە بڕیاری دا بە بەندكردنی بە پێی ماددەی (٤١٠) لە یاسای سزادان و تەواوكردنی ڵێكۆڵینەوە.
دوێنێ شەو لە كۆمەڵگای مەلائۆمەر لە هەولێر، لەسەر راكێشانی ئاو كێشە كەوتە نێوان دوو دراوسێ و لە ئەنجامی دەمەقاڵێ و شەڕدا، تاوانبار (ا.ا) بە پارچە بۆرییەكی ئاو لە سەری دراوسێكەی دا بە ناوی (ی.ر.م) تەمەن ٦٩ ساڵ و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
