كورد بەم 4 مەرجەوە رازییە بەشداری دانیشتنی تاوتوێكردنی بودجە بكات
د.فوئاد مەعسووم، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، بە رێگاوە بەرەوە بەغدا سەبارەت بە بەشداریكردنی كورد لە كۆبوونەوەی تاوتوێكردنی بودجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەكوو ئێستا هیچ دیار نییە و ئێستا بەرەوە بەغدا بەڕێدەكەوم بزانین سبەینێ لە كۆبوونەوە سێقۆڵییەكە چی روودەدات، ئێمەش لەو پرسە تێدەگەین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدەین".
هاوكات مەلا عوزێر حافز، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر هەمان پرس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئێمە وەك كوتلەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەماهەنگین لەگەڵ هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە لە پرسە نیشتمانییە نەتەوەییەكاندا یەكهەڵویست بین".
مەلا عوزێر سەبارەت بەو مەرجانەی كە بۆ لایەنە عێراقییەكانیان داناوە گوتی: "ئەو پێشنیازەی كە ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان خستوومانەتە بەردەم دەوڵەتی یاسا و عێراقییە، خۆی لە چوارخاڵدا دەبینێتەوە، كە بریتین لە:
1. گەڕانەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
2. ئەو بڕە بودجەیەی بۆ مادەی 140 دانراوە دەبێت دابینبكرێت.
3. بودجەی پێشمەرگە بدرێت.
4. كەمكردنەوەی بڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە خاڵی چوارەم روونیكردەوە "ئەوەی كە حكومەتی ناوەند سەپاندوویەتی بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەبێ رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەوە شتێكە رەنگە لە توانای حكومەتی هەرێمدا نەبێت، بەڵكو لەوە دەچێت حكومەتی هەرێم زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەتوانێت هەناردە بكات."
عوزەیر حافز ئاماژەی بە كۆبوونەوەكەی سبەینێ كرد و گوتی"سبەینێ كە یەكەم رۆژی دانیشتنەكانە ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان گۆڕان، كۆمەڵ ، یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو پرسە هیچ جیاوازییەكمان نییە،هەڵوێستمان یەكە و فراكسیۆنی یەكگرتووش لەگەڵ ئەو هەڵوێستەدایە، ئەگەر ئەو داواكارییانەی ئێمە جێبەجێكرابوو ئەوا بەشداری دانیشتنەكە دەكەین لە بڕگەی بودجەدا، ئەگەریش داواكارییەكان جێبەجێ نەكرابوو، ئەوا بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەین لە بڕگەی بودجەدا و لە دانیشتنەكانی دیكەدا بەشداری دەكەین".
پەرلەمانی عێراق بە فەرمی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ی خستە كارنامەی دانیشتنی ژمارە ١٥ی رۆژی یەكشەممە30-3-2014. بەپێی كارنامەی دانیشتنی یەكشەممەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام بدات.
ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق لە ١٦ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ بەبێ ئامادەبوونی كورد خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام دا.
هاوكات بڕگە تایبەتەكانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ كە تایبەتن بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بوونەتە جێی ناكۆكی لە نێوان هەولێرو بەغداو بوونەتە هۆكارێكی چەقبەستنی پرۆژەی بودجە لە پەرلەمان.
رووداو
