پشووه‌كانی‌ نیسان زیاد ده‌كرێن، رۆژێكی‌ تر ده‌كرێته‌ پشوو

پشووه‌كانی‌ نیسان زیاد ده‌كرێن، رۆژێكی‌ تر ده‌كرێته‌ پشوو
كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان داوای‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ رۆژی‌ 30 نیسان، كه‌ تیایدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بكرێته‌ پشووی‌ فه‌رمی‌، هاوكات به‌ باشی‌ ده‌زانن رۆژی 29ی‌ نیسان_یش بكرێته‌ پشوو.

مازن عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌ فه‌رمی‌ داوامان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ رۆژی‌ 30 نیسان كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، بكرێته‌ پشوو".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ بۆ كارئاسانی‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی‌ پێویست، باشتروایه‌ رۆژی‌ 29ی‌ نیسان، كه‌ ده‌كاته‌ رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردن بكرێته‌ پشوو.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وتیشی: "به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ لای‌ حكومه‌ت كه‌ ئایا ده‌یكاته‌ پشوو یان نا و ئێمه‌ ناتوانین بڕیار بده‌ین".

بڕیاره‌ رۆژی‌ 30 نیسان، هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، هاوكات هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێك له‌ هه‌رسێ پارێزگای‌ (سلێمانی‌، هه‌ولێر، دهۆك) به‌ڕێوه‌بچێت.

بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان كە رۆژە پشووەكانی هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، هەموو ساڵێك 9 ی نیسان بە بۆنەی یادی ئازادكردنی عیراق و چوارشه‌ممه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ سێیه‌می‌ مانگی‌ نیسان، كه‌ ده‌كاته‌ جه‌ژنی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ سووری‌ ئێزیدییه‌كان پشووی رەسمی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

هه‌روه‌ها رۆژی‌ 1ی‌ ئایاری‌ هه‌موو ساڵێك كه‌ جه‌ژنی‌ كرێكارانه‌ ده‌كرێته‌ پشوو، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ یه‌كه‌مین رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ مانگی‌ ئایاره‌وه‌.









خه‌ندان
Top