جەژنی نەوروز لە پەڕلەمانی ئەوروپا بەرز رادەگیرێ
دوێنێ چوارشەممە ١٩/٣/ ٢٠١٤ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پەڕلەمانتارانی ئەوروپی و کاربەدەستانی دبلۆماسی وڵاتانی ئەوروپا و باڵوێزانی عێراق لە بەلجیکا و ھۆڵەندا، مەراسیمێکی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی جەژنی نەتەوەیی کورد نەوروز لە پەڕلەمانی ئەوروپادا بەڕێوەچوو.
ئەم مەراسیمە کە لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە ھاوکاری لەگەڵ پەرلەمانتاری ناسراوی ئەوروپی ’نیکۆلۆ ڕینالدی’ سازکرابوو، بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و سروودی نەوروز دەستی پێکرد کە بە شێوەیەک ئامادەکرابوو لە لایەن ئامادەبووانی بیناییەوە دەگووترانەوە. پاشان لە ووتەیەکدا نیکۆلۆ ڕینالدی خۆشحاڵی خۆی بەو بۆنەیە دەربڕی و گووتی ئەمە یەکەم جارە کە بۆنەیەک سەبارەت بە نەورۆزی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا ساز دەکرێ و و لە درێژەی ووتەکەیدا ئاماژەی دا بەوەی کە کوردستان خاوەنی فەرھەنگێکی ڕەنگین و پڕبایەخە و ئەم مەراسیمەش دەرفەتێکە بۆ پتر ئاشنابوونی ئەوروپیەکان بە جەژنی نەورۆز و بە سەدای دەف کە ئامێرێکی ڕەسەنی کوردە و بە جل و بەرگی ڕەنگینی کوردەکان. پاشان لە ووتەیەکدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پەڕلەمانی ئەوروپا و بە تایبەتی پەرلەمانتار نیکۆلۆ ڕینالدی، پوختەیەکی لە بارەی جەژنی نەورۆز و ناوەرۆک و گرنگییەکەی بۆ نەتەوەی کورد بۆ پێشکەشی ئامادەبووان کرد. لە ووتەکەیدا نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە تەک پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا، پەیوەندی فەرھەنگی لایەنێکی گرنگ پێکدێنێ بۆ ناساندنی کورد و نزیکبوونەوەی پتر لەگەلان و ووڵاتانی ئەوروپی و ئەم بۆنەیەش لە پەرلەمانی ئەوروپا بەو ئامانجە ڕێکخراوە.
مەراسیمەکەی نەوروز لە پەڕلەمانی ئەوروپا بە دەنگی دەف و ھەڵپەڕکێی کوردی بەردەوام بوو کە ئەوەش بووە مایەی خۆشحاڵی و سەرسامی ئامادەبووانی بیانی بیانی نێو مەراسیمەکە.
باسنیوز
