د. فوئاد حوسێن: پاش ڕێككەوتن كورد دەنگ بە بودجە دەدات

 د. فوئاد حوسێن: پاش ڕێككەوتن كورد دەنگ بە بودجە دەدات
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، د.فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، كێشەكانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا پێوەستە بە بودجەوە و تا ئەو بڕگانەی كە پێوەندییان بە كوردستانیشەوە هەیە ڕێككەوتنیان لەبارەوە نەكرێت، كورد دەنگی پێ نادات.

هاوكات فوئاد حوسێن بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، لە ئێستادا لیژنەیەكی سیقۆڵی پێك هێنراوە بۆ چارەكردنی ئەو گرفتەی لە بودجەی گشتیی عێراقدا هەیە و تایبەت ئەو بڕگانەی پێوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە مەبەست لێی ڕێككەوتنە لەبارەیەوە و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم جەختی كردەوە، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەبارەی بودجەوە بگەنە ڕێككەوتن لەسەر چەند بڕگەیەكی پڕۆژەیاسای بودجە كە كێشەیان لەسەرە، بە تایبەت ئەوەی كە پێوەندیی بە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەركات گەیشتنە ڕێككەوتن ئینجا لە پەرلەمان دەنگی بۆ دەدرێت.
Top