نێچیرڤان بارزانی: عێراق دەتوانێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی سعودی راگەیاند: "عێراق ئەمڕۆ بە قەیرانی ئەمنی و سیاسیدا تێدەپەڕێ، کە ئەمەش هەڕەشە لە پرۆسەی دیموكراتی دەكات، ئەو دیموكراتییەی كە هەموومان بە هەموو پێكهاتەو چینەكانی عێراقەوە خەباتمان لە پێناوی كرد".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "سەرم سورماوە لە تۆمەتەكانی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دژی سعودیە، بەوەی گوایە سعودیە پاڵپشتی تیرۆر دەكات، قسەكانی مالیكی رۆژێك دوای دەرچوونی چەند بڕیارێكی گرنگ لەلایەن شاه عەبدوڵڵا، شای سعودییە، دێت لە دژی گرووپە تیرۆریستییەكان و تیرۆریستان".
بارزانی هاوكات دەپرسێ "هۆكاری ئەو تۆمەتانە چین و بۆچی لەم كاتە ئاراستە دەكرێن، چونكە پێشتر نەمانبیستووە سعودیە پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات لە عێراق و هیچ بەڵگەیەكمان لەو بارەیەوە بەرچاو نەكەوتووە".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "شانشینی سعودیە وڵاتێكی ستراتیژییە بۆ عێراق و باشتروایە بەغداو ریاز لە بری ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان پەرە بەو پەیوەندییانە بدەن".
بارزانی زیاتر دەڵی: "هەل لەپێش عێراق رەخساوە بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلی عێراق".
نێچیرڤان بارزانی لە كۆتاییدا دەڵێ: "ئەو تۆمەتانەی، كە مالیكی ئاراستەی سعودیەی دەكات، تەنها پروپاگەندەی هەڵبژاردنەو هیواخوازم عێراق سوود لە هەموو هەلەكان وەربگرێت و پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات بۆ بەدیهێنانی پێشكەوتن و لەمبارەیەوە سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرێت".
نووری مالیكی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو هێرشێکی تووندی كردە سەر سعودیە و بە پاڵپشتیكەری تیرۆر لە عێراق و سووریا ناوی برد.
رووداو
