نەتەوەو ئایینەوە پشتگیری لە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دەكەن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان بابە شێخ خرتۆ مەرجەعی ئایینی گشتی ئێزیدی دەڵێ : لە سایەی حیكمەتی سەرۆك بارزانی كوردستان بووەتە وڵاتی پێكەوەژیان
هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا بۆ گۆڤاری گوڵان بابە شێخ گوتی: ((لەدێر زەمانەوە وڵاتی كوردستان مەنزڵگەی پێكەوەژیانی ئایینزا جیاجیاكان بووە، لەو سەردەمەشەوە لەكوردستان ئێزیدی وەكو ئایینزایەكی خاوەن مێژوویەكی كۆن وەكو هەموو پێكهاتەكانی دیكە پارێزگارییان لەخاك و نیشتمانەكەیان كردووە كە كوردستانە، لەمێژووی هاوچەرخی عێراقیشدا ئێزیدی دوو چەوسانەوەی بەرامبەر كراوە، لەلایەك بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتیان بووە كە كوردو كوردستانین.
شێخ خرتۆ گوتی : بەداخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی و گرووپە تیرۆریستیەكان لەبەر ئەوەی ئێزیدی بەكوردو كافر دادەنێن هێرشی توندوتیژیی لەناوەڕاست و پارێزگای نەینەوا بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بەپێچەوانەشەوە لە هەرێمی كوردستان لەسایەی جەنابی سەرۆك بارزانی و هێزە سیاسییە كوردستانیەكان توانراوە ناوچەكە بكرێتە پێگەیەكی ئارامی و رێزگرتن لەمرۆڤ و مومارەسەكردنی بۆنەو رێوڕەسمە ئایینیەكانی ئایینزاكان. ئێمە پێوەندیەكانمان باشە لەگەڵ ئایینەكانی دیكە بەتایبەتی ئایینی ئیسلام، تەنانەت ئەو مزگەوتە گەورەیەی لە شێخان هەیە لەساڵی 1943دا زەوییەكەی سەعید بەگی باوكی میر تەحسین بەگی میری ئێزیدییەكان بە موسڵمانەكانی شێخانی داوە و ئاوەدانیان كردۆتەوە، لەساڵی 1917 یەكەم كەسی موسڵمان كە هاتەوە شێخان هاتە ماڵی ئێمە و لای ئێمە خزمەتكراوە و خانوویەكی بۆ دروستكراوە و مانگی رەمەزان بووە ئەو كەسە رۆژووی خۆی گرتووە و رێزی لێنراوە.
شايانى باسە بابە شێخ خرتۆ باسی سەرۆك بارزانی كرد و گوتی:
ئەمڕۆ لەئاكامی پێڕەوكردنی سیاسەتی ژیرانەو عەقڵانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی هەرێمەكە، كوردستان بووەتە وڵاتی پێكەوەژیان و لێبووردەیی. ئەمەش وا لەئێزیدیەكان دەكات لەجاران زیاتر پارێزگاری لەخاك و نیشتمان و نەتەوەكەیان بكەن و رووبەڕووی هەموو هەڕەشەو دژایەتیكردنێك ببنەوە، بەهەمانشێوەش رووبەڕووی سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و شەڕی دژ بەكوردستانیش دەبنەوە كە لەئاكامی تاكڕەویی و شۆڤێنیەتی هەندێك لە قەوارەو پارتەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و سیاسەتەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دژ بەهەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی پیادە دەكرێت.
درێژەی بابەتەكە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(969) بخوێنەوە.
