روونكردنەوەیەك لە وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە

روونكردنەوەیەك لە وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە
وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە پرسی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك و دوو ئەندامی دادگای تەمییزی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە كە ماوەیەك پێش ئێستا، بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردبووەوە، گوایە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی دادوەری ماوەی یاسایی سەرۆك و ئەندامێكی دادگای تەمییزی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی یاسا درێژ كراوەتەوە.


وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری لە روونكردنەوەكەیدا چەند خاڵێك دەخاتە ڕوو وەك ئەوەی ماوەی یاسایی بۆ سەرۆك و دوو دادوەری تری دادگای تەمییزی هەرێم درێژكراوەتەوە، واتە خزمەتی یاسایی بۆ سێ دادوەری بەڕێز درێژكراوەتەوە نەك دوو هەروەك باسی لێوەكراوە.


هەروەها وتەبێژی ئەنجومەی دادوەری بە وردەكاری و زانیارییەوە باسی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی خزمەتی سەرۆكی ئەنجومەن و دوو دادوەری ئەندامی دادگای تەمییز دەكات كە بە پێی یاساكانی درێژكردنەوەی خزمەتی دادوەرانی عێراقی بووە كە یاسایەكی (تنڤیمی) فیدرالیەو لە هەرێمیش كاری پێ دەكرێت بەو پێیەی هەموو قۆناغەكانی بە یاسابوونی بڕیوەو دواتریش بە واژووی خودی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرال (مام جەلال) بووە. ئەو بڕیارەش بە رەزامەندی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و ئەندامانی دادگای تەمییز بووەو لە هەمان كاتیشدا پاڵپشت بووە بە دەقی رای فەرمی ئەنجومەنی شورای هەرێم و رای خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان.



لە كۆتایی روونكردنەوەی ئەنجومەنی دادوەریدا هاتووە، دەسەڵاتی دادوەری خۆی بە پاسەوان و پارێزەری مەشروعیەتی یاساكان و بنەماكانی دادپەروەری دادەنێت و ئامادەنیە لەبەرخاتری هیچ كەس و لایەنێك شكۆمەندی لای كۆمەلانی خەڵكی كوردستان بخاتە مەحەكەوە. داواش لە گشت دەزگاكانی راگەیاندن دەكات كە زانیاری راست لە سەرچاوەی فەرمی و باوەڕپێكراو وەربگرن، ئینجا بڵاوی بكەنەوە، بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵەی یاسایی.
Top