نێچیرڤان بارزانی و داودئۆغڵو باس لە گرنگترین خاڵی كۆبوونەوەكەیان دەكەن

 نێچیرڤان بارزانی و داودئۆغڵو باس لە گرنگترین خاڵی كۆبوونەوەكەیان دەكەن
دوای كۆبوونەوەیان لە شاری وان لە باكووری كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازكردو جەختیان لە پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی دیدارەكە لە وان دەربڕی و دادودئۆغڵو گوتی "ئەم سەردانە لێرە بۆ هەرێمی كوردستان بەگشتی و بۆ بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی گرنگە". نێچیرڤان بارزانیش ئاماژەی بەوەكرد، كە خۆشحاڵە وەزیری دەرەوەی توركیا لە وان پێشوازیی كردوون و گوتیشی "ئەوە یەكەمجارمە دێمە وان".

داودئۆغڵو ئاماژەی بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان عێراق و توركیا كردو گوتی "ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا 12 ملیار دۆلارەو لەو رێژەیەش 70%ی لە هەرێمی كوردستانەوەیە، بۆیە دەڵێین هەرێمی كوردستان دەرگای كرانەوەی ئێمە بە رووی عێراقدا".

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بە خاڵی گرنگی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كرد لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان و بە "گرنگ" و "بەرهەمدار" وەسفیكرد‌و گوتی "خاڵی گرنگی كۆبوونەوەكە رێككەوتن بوو لەسەر فراوانكردنی خاڵی سنووری نێوان هەردوولا، وەك فراوانكردنی ئیبراهیم خەلیل و كردنەوەی 5 دەروازەی دیكەی سنووری".

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە كە فراوانكردنی دەروازە سنوورییەكان خاڵی سەرەكی كۆبوونەوەكە بووەو گوتی "هیوادارم بێتە مایەی دەستكەوتی زیاتر بۆ هەردوولا".

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەماوەی رابردوودا پێشكەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوەو گوتی "دەكرێ پێشكەوتنی زیاتریش بەخۆوە ببینن".

لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بە كێشەكانی نێوان هەلێر و بەغدا كرد لەسەر پرسی بودجەو هەناردەكردنی نەوت و گوتی :"ئێمە هیوادارین كێشەكان بەزوویی چارەسەر بكرێن".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێك كە پێكهاتوون ‌لە كامەران ئەحمەد، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و بەهرۆز محەممەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لە بەرەو شاری وان بەڕێكەوتن. بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ بچنە ئەنقەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆببێتەوە.









رووداو
Top