پەرلەمانی عێراق: بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایی و دەستوورییە

 پەرلەمانی عێراق: بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایی و دەستوورییە
فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری هەرێمی کوردستان بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایی و دەستوورییەو ئەو بڕیارە مافی هەرێمی کوردستانە نەک حکومەتی عێراق.

سەباح باوی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایی و دەستوورییەو دەستووری فیدراڵی عێراق لە 110 دەسەڵاتە تایبەتەکانی بە حکومەتی عێراقی دیاریکردووەو دەسەڵاتی دروستکردنی پارێزگای نوێی نەداوەتە حکومەتی فیدراڵی".

باوی گوتیشی "لەژێر رۆشنایی ماددەی 110ی دەستوور دەسەڵاتی دروستکردنی پارێزگای نوێ چ لە هەرێمی کوردستان بێ یان پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە دەسەڵاتی حکومەت و بگرە پەرلەمانی عێراقیشدا نییە، چونکە ماددەی 115ی دەستوور دەڵێ هەر دەسەڵاتێک تایبەت نەکرابێ بە حکومەتی فیدراڵی ئەوا لە دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند "بەپێی ماددەی 110ی دەستووری فیدراڵی حکومەتی عێراق بۆی نییە هیچ فەرمانێک دەربکات لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە لەو ماددەیە بۆی دیاری کراوە".

سەباح باوی ئاماژەی بەوەشدا کە "دەکرێ مەبەست لە ناردنی پرۆژەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا بە مەبەستی پرسکردن بووە بە حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەو پرسە نەبێتە خاڵێکی دیکەی ناکۆکی نێوان هەولێرو بەغدا".

باوی ئەوەشی خستەڕوو کە "لە کۆتاییدا ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەنایاساییش بزانێت خۆ پێشتر هەر خودی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەند کرد جا پێویست بەو نارەزایەتییە ناکات".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێ "دەرکردنی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ وریابوونی دەسەڵاتی کوردستان دەگەرێتەوە لەوەی کە پەسەندکردنی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بە بوونی ئەو هەموو ناکۆیانە لەبارەی بودجەوە زۆری دەخایاند".

سەباح باوی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە "دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ دروستکردنی پارێزگای نوێ لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی رێوشوێنە ئیدارییەکان بۆ دروستکردنی پارێزگای نوێ، هەرچەندە بەپێی دەستوور دروستکردنی پارێزگای نوێ بۆ خودی ناوچەکان و پارێزگاکان دەگەرێتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنجشەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجەی واژۆکرد.

هاوکات بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئێستا چاوەروانی پەسەندکردنێتی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆئەوەی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە












رووداو
Top