ناوەڕۆكی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا
سامی ئەرگوشی، سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كاژێر 9:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێك كە پێكهاتوون ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان و كامەران ئەحمەد، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و بەهرۆز محەممەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لە سەرەتای بەرەو شاری وان بەڕێكەوتن.
بڕیارە لە شاری وان شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا و ژمارەیەك لە بەرپرسان و پیاوانی كاری ئەو وڵاتە كۆببنەوە.
سەبارەت بە ناوەڕكی كۆبوونەوەكان لەشاری وان، سامی ئەرگوشی گوتی: "پتەوكردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاو بە تایبەت كردنەوەی چەند دەروازەیەكی سنووری نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ئەویش بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ برەودان بە چالاكی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا".
دوای دیدارو كۆبوونەوەكانی وان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان و كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو شاندی یاوەریان لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆدەبنەوە .
بە گوتەی سامی ئەرگوشی لەم كۆبوونەوەیەش پەیوەندی دووقۆڵی و بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان دەبێت.
رووداو
