نێچيرڤان بارزانى پێشوازى باڵيۆزى ئێران كرد

 نێچيرڤان بارزانى پێشوازى باڵيۆزى ئێران كرد
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى شوباتى 2014، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ حه‌سه‌ن دانايى فه‌ڕ باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عيراق كرد.

له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌ دووقۆڵييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئيسلاميى ئێران و بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان به‌تايبه‌تيش له‌ بواره‌كانى بازرگانى و ئابووريدا و ڕه‌خسانى ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانيا و خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئێرانييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆيان له‌سه‌ر كرا.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا ڕه‌وشى ئێستاى سياسيى عيراق و ڕووداو و پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازييه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى ديكه‌ى عيراق و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

باڵيۆزى ئيران له‌ عيراق پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ دانوستانه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نيوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عيراقى فيدرال دووپات كرده‌وه‌ و هيواى خواست هه‌ردوولا له‌ ڕێگه‌ى ديالۆگ و لێكگه‌يشتنه‌وه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ مايه‌ى ڕه‌زامه‌نديى هه‌ردوولا و له‌ به‌رژوه‌نديى ته‌واوى عيراقدا بێت.
Top