باڵوێزی بەریتانیا: ئێمە دەمانەوێت هەموولایەك گفتوگۆبكەن لەبارەی چارەسەری كێشەكان
دوای سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان سایمەن كۆڵس باڵوێزی بەریتانیا لە عیراق و چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان، بەرلە گەڕانەوەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی سازكرد و لەوێدا تیشكی خستە سەر چەند تەوەرێكی جیاواز.
باڵوێزی بەریتانیا وێڕای خۆشحالی بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان و گەشبینی بە ئەنجامی گفتوگۆكانی لەبارەی دۆسیە جیاوازەكان، گوتیشی ئێمە لەم سەردانەماندا باسی چەند دۆسییەكمان كردوە لەوانەش بەرەوپێشەوەبردنی كەرتی ئابوری نێوان بەریتانیاو كوردستان كە بەنیازین لە ئایندەیەكی نزیكدا لقێكی بانكی ستارتەر چاردەر لە هەولێر بكەینەوە، هەروەها دەمانەوێت پەیوەندیی لەبارەی هێڵی ئاسمانی كوردستان و بەریتانیاش دروست بكەین.
هەروەك گوتیشی: لەم سەردانەمدا لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان گفتوگۆمان كردووە لەبارەی دابینكردنی بەشێكی ئەو یەك ملیار دۆلارەی كە بەریتانیا بۆ ئاوارەكانی سوریای تەرخانكردووە لەهەرێمی كوردستان.
هەر لەبارەی دۆسیەی سوریاوە گوتی: دیارە ئێمە نامانەوێت مێژوو دووبارە بێتەوە بە قوربانیدان لە ڕێگەی چەكە كۆكوژەكان تا سەرەنجام ئێمە كاریگەریمان هەبوو لەسەر ڕازیكردنی سوریا بۆ لەناوبردنی چەكە كۆكوژەكانی.
سایمەن لەبارەی قەبارەی بازرگانی بەریتانیا لە كوردستانیش گوتی: ئێمە %40ی هەموو بووارەكانمان لە كوردستان پڕكردۆتەوەو بەردەوامیش دەبین لە مامەڵەی بازرگانیمان لەگەڵ كوردستان.
لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش باڵوێزی بەریتانیا گوتی: ئەو بابەتە تایبەتە بەناوخۆی عیراقەوەو ئێمە ماف بە خۆمان نادەین ڕۆبچینە ناو ئەو باسەوە، بەڵام ئێمە هەمیشە هانی هەموولایەكمانداوە كە گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری كێشەكان بكەن، چونكە ئەو تەنگەژەیە تەنها بە زیانی هاوڵاتیانی عیراق و كوردستان تەواو دەبێت.
لەبارەی دۆسیەی ئەو كورد و عیراقییە پەنابەرانەی كە لەبەریتانیاوە ڕەوانە دەكرێنەوە بۆ عیراق و كوردستان، لە كۆتایی قسەكانیدا باڵوێزی بەریتانیا گوتی: ئەوە بڕیاری سیاسییەكان نییە كە كورد و عیراقیییەكان بگێڕنەوە، بەڵكو دادگا بریار دەدات و ئێمە پەیوەندی پێوە ناكەین، چونكە دادگا دەزانێت كێ دەهێڵێتەوەو كێش ڕەوانەی وڵاتەكانیان دەكاتەوە دیارە ئەوانەی ڕەوانە دەكرێنەوە دادگا بریاریداوەو دەبیێت ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
لەبارەی شەڕی دژە تیرۆریشەوە باڵوێزی بەریتانیا گوتی: ئێستاكە نزیكەی 100 هاوڵاتی بەریتانی لە عیراق و سوریا لەپاڵ هێزەكانی داعشدان، كە ئەوەش مایەی نیگەرانییە، بەڵام ئێمە بەهاوكاری لەگەڵ عیراق و سوریاو هێزەكانی دیكەش بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
