عەدنان موفتی سەرپەرشتی دانوستاندنەكانی یەكێتی دەكات

 عەدنان موفتی سەرپەرشتی دانوستاندنەكانی یەكێتی دەكات
بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەگەڵ گۆڕان كۆبوونەوە. دەشگوترێ ئەمجارە عەدنان موفتی سەرپەرشتی دانوستاندنەكانی یەكێتی دەكات.

لە دوای ئەوەی د.بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت ، رایگەیاند دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێ‌ "تاوەكو ئەو كاتەی كۆنگرەی یەكێتی بە زووترین كات و بەبێ‌ تەزویر ئەنجام دەدرێ‌"، ئێستا روون نییە كێ‌ دەبێتە سەرۆكی شاندی دانوستانكاری یەكێتی.

(تۆڕی میدیایی رووداو)پەیوەندی بە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد و لەوبارەیەوە رایگەیاند "كاك عەدنان موفتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری دەكات".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، گوتیشی " هە زانیارییەك پەیوەندی بەو دانیشتنە هەبێ‌، كاك عەدنان ئاگادارە و ئەو دەیزانێ‌".

نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ شاندێكی پارتی سەردانی گردی زەرگەتەی سلێمانییان كرد و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبو‌ونەوەیەكیان ئەنجامدا، بڕیاریشە لەگەڵ یەكێتیش كۆبوونەوە و دیدار ئەنجام بدەن سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەت و كێشەكان یەكێتی.










رووداو
Top