كۆشكی سپی: ئێمە سەردانەكەی بارزانیمان هەڵنەوەشاندەوە

كۆشكی سپی: ئێمە سەردانەكەی بارزانیمان هەڵنەوەشاندەوە
كۆشكی سپی رایدەگەیەنێت، كە ئەوان هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبوون بۆ ئەمریكا‌.

لە راپۆرتێكی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە واشنتن، كە ئەمڕۆ لە تەلەڤزیۆنی رووداو پەخشدەكرێ، بەرپرسێکی باڵای كۆشكی سپی رایدەگەیەنێت، كە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی مەسعود بارزانی پەیوەندی بەوانەوە نەبووە.

ئەو بەرپرسەی كۆشكی سپی دەڵێ "باشترە لە ئۆفیسی بارزانی بپرسن بۆ خشتەی سەردانەكەی گۆڕیوە".

لە‌و راپۆرتەدا نامۆ عەبدوڵڵا رای چەند توێژەرێكی وەرگرتووە، كە سەبارەت بە كاریگەرییەكانی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكە لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا دەدوێن.

وا بڕیار بوو رۆژی 27/1/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات و لە 31/1/2014 لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە، بەڵام بارزانی خۆی سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە. هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێكی ولایەتە یەكگرتووەكان كە بەر لە 13 ساڵ دەرچووە و بەپێی ئەو بڕیارە، هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لیستی رەشی ئەمریكادان.




رووداو
Top