وەزارەتی دارایی خەرجی و پێشینەكان رادەگرێت
ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی بە بیانوی ئەوەیە ساڵی دارایی بەرەو كۆتایی دەچێت بۆیە بڕیاریداوە كە هەموو جۆرە خەرجی و پێشینەیەك رابگیرێت.بۆ ئەوەی پاكتاوی ژمێریاری 2013 بكرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی وەزارتی دارایی كە دەست هەفتەنامەی (باس) كەوتووە وەزیری دارایی لە 1/12/2013 داوای لە وەزارەتەكان كردووە پێشینە بەردەوامەكانیان و پێشینە جۆراوجۆرەكانیان تا پێش 20/12/2013 پاكتاو(تەسفیە) بكەن. هاوكات داوای ئەوەشی كردووە كە دەبێت وەزارەتەكان تا 31/12/2013 ئەو گوژمانەی كە لە حیسابی بانكەكان ماویانە شیان بكەنەوە.
بریكاری وەزارەتی دارایی، رەشید تاهیر، راگرتنی خەرجی و پێشیەنەكانی دووپات كردووەتەوە و بە باسی راگەیاندووە، پێش كۆتایی ساڵ دەبێت خەرجییەكان رابگیرێن، بۆ ئەوەی تەسفیەی حیساباتی ساڵی 2013 بكرێت.
گوتیشی: لە هەموو دونیا ئەو بابەتە هەیە و پێش كۆتایی ساڵ خەرجییەكان را دەگیرێن، لە لای ئێمەش لە 15 بۆ 20/12 خەرجییەكان رادەگیرێن.
بریكاری وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەكات كە ناچارن لەو كاتەدا خەرجییەكانیان رابگرن، چونكە دەبێت حیساباتی خیتامی بۆ پەرلەمان بنێرن.
سەرۆكی دەستەی نەزاهەی هەرێمی كوردستان، د. ئەحمەد ئەنوەریش دەڵێت، یەكێك لە گرفتە گەروەكان كە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان دووبارە دەبێـتەوە مەسەلەی بودجە و خەرجكردنیەتی؛ گوتیشی: بودجەی گشتیی كوردستان لە مانگی 5 و 6 پەسند دەكرێت و 15/12 رادەگیرێت واتا بودجە بۆ ساڵێك نییە، بەڵكو بۆ 6 مانگە ئەوەش كارێكی خراپە.
سەرۆكی دەستەی نەزاهە پێی وایە بەو شێوەیە \"ئەوەش گەندەڵی دروست دەكات، چونكە، وەزارەت و فەرمانگەكان دەیانەوێت لەو شەش مانگە بودجەكانیان خەرج بكەن و بۆ حكوومەت نەیگەرێننەوە، ئەو پەلە كردنەش لە سەر حیسابی مواسەفات و جۆری پرۆژە و خزمەتگوزارییەكان دەبێـت.
ئەنوەر پێی وایە دەبێت لە یاسای بودجە ماددەیەك زیاد بكرێـت بۆ ئەوەی ساڵی دارایی لەو كاتەوە دەست پێ بكات كە بودجە تیایدا پەسند دەكرێـت؛ زیاتر گوتی: \""كە خەرجییەكان رادەوەستێت كێشە دروست دەبێت، پرۆژەكان دەوەستن، بۆیە بە یەك ماددە لە بودجە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێـت.
"
