نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى ده‌كات
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ى دیسه‌مبه‌رى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ نیكۆلا نه‌ححاس وه‌زیرى ئابوورى و بازرگانیى لوبنان و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا وه‌زیرى لوبنانى سڵاو و ڕێزى سه‌رۆك كۆمارى لوبنانى گه‌یانده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر نیشان دا. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانیى هه‌رێمى كوردستان و لوبنانیان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر ویست و خواستى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش بواره‌كانى گه‌شتیارى، كولتوورى، كشتوكاڵى، ته‌ندروستى و بانكدارى.

سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵیى خۆى به‌ هه‌بوونى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و كار و چالاكییه‌كان له‌ بوار و سێكته‌ره‌ جیاكانى كاردا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ت هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانى لوبنانى ده‌كات و ده‌رفه‌تى زیاتریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت تاكو بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كى كاراتر له‌ پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندن و بنیاتنانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا به‌شدار بن.

لاى خۆیه‌وه‌ وه‌زیرى لوبنانى سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى كرد و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ گه‌رمى پێشوازییان لێ ده‌كرێت و ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت تا بتوانن باشتر كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى سووریا و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر وڵاتانى دراوسێ و پرسى په‌نابه‌رانى سووریا له‌ لوبنان و هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدانى هاوبه‌ش بۆ چۆنیه‌تیى هاوكاریكردنیان له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌وه‌؛ لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ئابوورى و بازرگانیى لوبنان بوو.
Top