سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ‏ماساتۆ تاکەواکا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ کرد.
لە میانی دیدارێکدا ماساتۆ تەکەواکا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سوپاسی بەڕێز مسعود ‏بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن، و ئاماژەی بەوە كرد كە، ‏وڵاتەکەی ئارامی و سەقامگیری رەوشی ئەمنی هەرێمی کوردستانی بەلاوە گرنگە و جێگەی ‏ستایشکردنە.‏

لە بەشێکی دیدارەکەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باسی لەوە کرد، كە لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە ‏شەراکەتێکی بەهێزی ئابووری هەیە لە نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و هیوای خواست ‏ئەم شەراکەتە بێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا، چونکە ژاپۆن گرنگیەکی ‏زۆر دەدات بە رەوشی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەم بنەمایەش ‏دەیەوێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات.‏

باڵیۆزی یابان لە عێراق مەبەستی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ‏کە هاتوون هاوکاری و کۆمەک ببەخشن بە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و هاوکات ‏سوپاسی هەرێمی کوردستانی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان کرد و گوتی: \"ئێوە ئەرکێکی ‏قورستان جێبەجێکردووە بەرامبەر بەم ئاوارانە و ئێمەیش دەمانەوێ هاوکاریتان بکەین\"".‏

بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی یابان لە ‏عێراق، جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن ‏کردەوە و ڕۆڵی وڵاتی ژاپۆنی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بە گرنگ وەسف كرد.‏"
Top