گۆرانكاری لە مووچەكەیان دەكرێت. . . 4 ملیۆن و 700 هەزار دینار بۆ رزگاربووانی ئەنفال و راگیراوانی سیاسی خەرج دەكرێت
دوای ئەوەی وەزارەتی داراییی هەرێم بەپێی رێنمایی ژمارە(35)ی بڕیاری دا مووچەی خانەنشینی بۆ رزگاربووانی ئەنفال و راگیراوانی سیاسیی قەڵادزێ خەرج بكات، بەپێی بڕیارێك گۆرانكاری لەو مووچەیە دەكرێت و قەرەبووی زیاتر بەو كەسانە دەدرێت كە لە رێنماییەكە سودمەند دەبن.
لە رێنماییەكەدا بڕیار درا بوو (250) هەزار دیناری مانگانە بۆ رزگاربووانی شاڵاوەكانی ئەنفال و راگیراوانی سیاسی 24/4/1982 خەرج بكرێت، بەڵام لە نوێترین بڕیاری وەزارەتی دارایی كە لە 25/10/2013 بە واژۆی بایز تاڵەبانی دەرچووە و هەفتەنامەی \"باس\""ـیش لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا كۆپیێكی بڕیارەكەی بڵاو كردووەتەوە، گۆرانكاری لە رێنماییەكە كراوە و پارەی زیاتر بەو كەسانە دەدرێت.
لە رێنماییی پێشوودا بڕیار درا بوو لە 1/1/2013 مووچەكە خەرج بكرێت، بەڵام لە بڕیارە تازەكەدا ئاماژە دراوە كە مووچەی ئەو كەسانە بۆ ساڵی( 2011 و 2012 )خەرج دەكرێت.
بەپێی بڕیارەكە كە پشتی بەستووە بە فەرمانێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە 1/4/2011 تاوەكو 31/3/2012 مانگانە بڕی 210 هەزار دینار بۆ ئەو كەسانە خەرج دەكرێت لە 1/4/2012 بەدواوە مانگانە بڕی 250 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت.
بەپێی بڕیارەكە بێت لە ماوەی ساڵی 2011 بڕی 2ملیۆن و 522 هەزار دینار بۆ سودمەندبووان خەرج دەكرێت و لە ساڵی 2012 كە دەكاتە 9 مانگ بڕی 2 ملیۆن و 250 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت كە بەهەردوو ساڵەكە دەبێت 4 ملیۆن و 777هەزار دینار بە هەر سودمەندبووێك لە بڕیارەكە بدرێت. وێرای ئەوەش كە دەبێت لە 1/1/2013 مانگانە 250 هەزار دیناریان بۆ خەرج بكرێت.
وەزارەتی دارایی بڕیارە تازەكەی بۆ بەرێوەبەرایەتیی كارگێری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان رەوانە كراوە بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی.
له24/4/1982 هاووڵاتیانی شاری قەڵادزێ لە خۆپیشاندانێكی جەماوەریدا بۆ یادكردنەوەی بۆردومانكردنی شارەكەیان لە ساڵی 1974 رووبەرووی هێزەكانی رژێمی بەعس بونەوە لەم رۆژدەدا وێرای كوژرانی ژمارەیەكی زۆری خەڵك دەیان كەسیسش گیران و زیندانی كران.
خەرجكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو كەسانە دوای ساخبونەوە و پەسندكردنی ناوەكانیان دێت لە لایەن لیژنەی پەسندكردنی زیندانیكراوی سیاسی و راگیراوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان."
