تابلۆی ئۆتۆمبێلی كوردستان لە 5 ژمارە تێناپەڕێت
نەقیبی پۆلیسی هاتووچۆ، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر فازڵ حاجی حوسێن گوتی: لە ئێستادا سەرجەم ڕێككارەكانی دووبارە دروستكردنەوەی تابلۆی ژمارەكانی ئۆتۆمبێلمان لە شاری هەولێر ئامادە كردووەو سەرقاڵی دواین ڕێككارە كارگێڕییەكانین كە ئێستاكە حكومەتی عیراقی دوا بڕیاری لەسەر نەداوە.
هەروەها گوتیشی: گۆڕینی ئەو تابلۆیانە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست پێدەكەن و هیچ ئۆتۆمبێلێك لە 5 ژمارە زیاتری نابێت و پاشانیش دەبێتە ڕیزبەندی بەپێی پیتەكانی نووسین وەك (A.B.C.D.F…..) و لەگەڵیشیاندا ژمارە بوونی هەیە.
لە كۆتاییشدا بەرێوەبەری ڕأگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر گوتی: گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل هەموو عیراق دەگرێتەوەو لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەڵمانییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە ئێستاشدا بۆ شاری هەولێر سەرجەم ئامێرەكانی چاپكردن و دروستكردنی تابلۆی ژمارەكان هاتوون و تەنها ماوەتەوە بكەوینە كاركردن بۆ بڕیاری گۆڕینی تابلۆی ژمارەكانی ئۆتۆمبێل.
