د.كەمال كەركوكی لەگەڵ سەرۆك كۆماری لوبنان كۆبووەوە و بروانامەی دكتۆرای فەخری پێبەخشرا

 د.كەمال كەركوكی لەگەڵ سەرۆك كۆماری لوبنان كۆبووەوە و بروانامەی دكتۆرای فەخری پێبەخشرا
لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان د.كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، و شاندی یاوەری لەگەڵ عیماد میشیل سلێمان سەرۆك كۆماری لوبنان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆماری لوبنان خۆشحالی خۆی بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و لوبنان دەربری و جەختی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.

لای خۆیەوە د.كەمال كەركوكی، كورتەیەكی لەبارەی هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی بۆ سەرۆك كۆماری لوبنان خستەروو، جەختی كردەوە لەسەر چەسپاندنی دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان. هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیشی روون كردەوە كە هەمیشە خوازیارە ئەو كێشانەی لەناوچەكە هەن لە رێگای دایەلۆگەوە چارەسەر بكرێن.

دواتر میشیل سلێمان، دووبارە بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و پیرۆزبایی لە د.كەمال كەركوكی كرد، بەبۆنەی وەرگرتنی خەلاتی دكتۆرای فەخری لەلایەن زانكۆی ئەمریكی بۆ زانست و تەكنەلۆجیا لە لوبنان.

هەر لە هەمان رۆژ لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی چەندان وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسی حكومەتی لوبنان و باڵوێز و كونسوڵی بەشێك لە وڵاتان و كەسایەتییەكانی ئەكادیمی و سەرۆكی زانكۆكان و شاندی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی بەخشینی دكتۆرای فەخری لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشان و بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی هەموو ئەركانەی پێی سپێردراوە و چالاك بوونی لەبەرامبەر قوڵكردنەوەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی لەگەڵ جیهانی دیموكراتی. لەلایەن زانكۆی ئەمریكی بۆ زانست و تەكنەلۆجیا پێشكەش كرا.

لەسەرەتای رێوەرەسمەكەدا د.هەیام سەقەر سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی بۆ زانست و تەكنەلۆجیا وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا شاندی هەرێمی كوردستانی بە ئامادەبووانی مەراسیمەكە ناساند و جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان لوبنان و هەرێمی كوردستان كردەوە.

هەروەها رۆڵی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان بەرز نرخاند، هیوای پەیوەندی تۆكمەتر و بەردەوامی نێوان هەردوولای خواست.

دواتر سەرۆكی زانكۆ و بەشێك لە راگری كۆلێژەكانی زانكۆكە، بڕوانامەی دكتۆرای فەخریان بەخشییە د.كەمال كەركوكی.بەدەم مارشی (ئەی رەقیب) مارشی نەتەوەیی كورد.

ئنجا د.كەمال كەركوكی وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان لە وتەیەكدا، سوپاسی زانكۆی ئەمریكی بۆ زانست و تەكنەلۆجیا و وڵاتانی لوبنانی كرد بۆ ئەو رێزلێنانە. تیشكی خستە سەر مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد و ئاماژەی بە كارە دیكتاتۆرییەكانی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەرامبەر بە گەلی كورد دا.

جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئێمە گەلێكین باوەڕمان بە ئاشتی و پێكەوەژیانە، دەخوازین هەموو ئەو گەلانەی لە ناوچەكە دەژین لە پەیامی گەلی كورد تێبگەن. چونكە پێویستە هەموومان بە ئاشتی بەیەكەوە لەو ناوچەیە بژین و بەڕێگای دایەلۆگ و گرفت و كێشەكانمان چارەسەر بكەین.

لە مەراسیمەكەدا دوو فیلمی دیكۆمێنتاریش پێشكەش كرا، كە یەكەمیان باسكردن بوو لە مێژووی كورد و شۆرشی كورد لەژێر سەركردایەتی بارزانی نەمر. دووەمیشیان تایبەت بوو بە هەوڵ و خەبات و مێژووی د.كەمال كەركوكی لە وێستگە جیا جیاكانی خەیاتی نەپساوەی گەلی كورد.
Top