دوو پەیمانگای نوێ لە چەمچەماڵ کرایەوەو قوتابیانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمش وەردەگرن
لەمبارەیەوە قایمقامی چەمچەماڵ ئامانج محەممەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کردنەوەی ھەردوو پەیمانگای \"زانستی کۆمپیوتەر و پەروەردەی وەرزشی\""یان راگەیاند کە قوتابیانی دەرچووی پۆلی نۆی بنەڕەتی وەردەگرن.
ئامانج ئاماژەشیدا: وەرگرتنی قوتابی لەو پەیمانگایانە بە پێی چەند مەرجێک دەبێت، بۆ پەیمانگا وەرزشییەکە لە سەر بنەمای تاقیکردنەوە و پشکنینە وەرزشییەکان و بۆ پەیمانگای کۆمپیوتەریش لەسەر کێبڕکێی نمرە دەبێت.
قایمقامی چەمچەماڵ وتیشی: کردنەوەی ئەو دوو پەیمانگایە لە چەمچەماڵ خزمەتێکی باش بە سنورەکە دەگەیەنێت و ھەلی زیاتر بۆ قوتابیانی ناوچەکە دەرەخسێنێت، چونکە ئەمجۆرە پەیمانگایانە تەنھا لە سەنتەری پارێزگاکاندا ھەیە و شارۆچکەی چەمچەماڵ یەکەم شارۆچکەیە ھەردوو پەیمانگاکای تێدا دەکرێتەوە.
روونیکردەوە: پێشتر قوتابیان بۆ وەرگرتنیان لەو دوو پەیمانگایە، دەبوایە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کێبڕکێکیان بکردایە، بەڵام ئێستا تەنھا لەسەر ئاستی سنوورەکەی خۆیانە.
لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی چەمچەماڵ ، ھیدایەت جەمال بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری رایگەیاند؛ بەوپەڕی توانایەوە ھاوکاری ئەو پەیمانگایە دەکەین و سەرجەم پێداویستیەکانیان لە رووی بینا و میلاک بۆ دابین دەکەن.
وتیشی: ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، جگە لە قوتابیانی سنوورەکە، قوتابیانی ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەتوانن فۆرم وەربگرن و دریژە بە خوێندن بدەن لەو دوو پەیمانگەیە.
ئەو پەیمانگایانە، بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی وەردەگرن و لە ئێستادا فۆرمی وەرگرتن دابەشدەکرێت و قوتابیانی دەرچووی پۆلی نۆی بنەرەتی، دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە."
