79 بەنگلادیشی لە زیندانی سلێمانین
ئێستا 79 بەنگلادیشی بەهۆی هاتنە نێو هەرێمی كوردستان بە نایاسایی، لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانین، بەڕێوەبەری زیندانەكەش دەڵێ \"چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین تاوەكو سەرجەم زیندانیان بگێڕینەوە بۆ وڵاتەكەیان\"".
هیوا شێخ عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەپێی ریكارە یاساییەكان توانیویانە هەموو كارێك بۆ دەستگیركراوە بەنگلادیشیەكان بكەن \""جێگەی گونجاو و خواردنی پێویستمان بۆ دابین كردوون، لەڕێی دادگاوە كارمان بۆ كردوون\"".
بەنگلادیش دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، نزیكەی 6 هەزار كیلۆمەتر لە هەرێمی كوردستانەوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانی 150 ملیۆن كەس دەبن، لەو ژمارەیەش نزیكەی 9 ملیۆن كەسیان لەدەرەوەی وڵات كاردەكەن. داهاتی ئەو وڵاتە پشت بەكشتوكاڵ دەبەستێ و زۆربەی گەنجانی ئەو وڵاتە بۆ پەیداكردنی نان و كار بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
راڕەوەكە دەرگای 4 ژووری لەسەربوو كە سەرجەمیان پڕبوون لە دەستگیركراوی بەنگلادیشی، لەگەڵ 4 دەستگیركراوی كورد كە بەهۆی شەڕەوە سزادرابوون و هێنرابوونە نێو دەستگیركراوە بەنگلادیشییەكان. لەنێو قەرەباڵخی و رووخسارە غەریبەكاندا، كاتێك بتەوێت بیاندوێنی هەمووان ئاماژە بۆ گەنجێكی رەنگ ئەسمەر دەكەن تاوەكو لە بری ئەوان قسە بكات.
عەلی ئەمجەد، هەرچەندە بە رووخساریدا وادەركەوت كە لەدەستگیركراوەكانی دیكە خۆڕاگرترە، بەڵام بەردەوام ئەو بەپرسیاركردن قسەی دەكرد و دەیپرسی \""خانووەكەمم فرۆشت بۆ ئەوەی ژیانێكی باشتر بۆ خێزانەكەم دابین بكەم، كە من بە دەست بەتاڵی دەنێرنەوە بۆ لای خێزانەكەم كێ بەپرسیارە؟\"".
عەلی دەڵێت زیاتر لە 8 مانگە لە زیندانە و دەپرسێت \""كێشەكەم چییە؟ بۆ بەرمنادەن، ئەوان دەڵێن دادوەر دەزانێت، بەڵام وەكو بیستوومە دیپۆرتمان دەكەنەوە بۆ ئێران نەك بەنگلادیش\"".
عەلی ئەمجەد، بەردەوام باسی كێشەكانی خۆی دەكرد و دواتر لەروانگەی كێشەكانی خۆیەوە باسی كێشەی هاوڕێیەكانی دەكرد، \""هیچم نەكردووە و من كارم پێویستە، هەمیشە ماڵەوە تەلەفۆنم بۆ دەكەن كە من لێرە چی دەكەم، بەڵام پێیاندەڵێم كە لە زیندانم و ناتوانم كار بكەم، دایكم دەڵێ بگەڕێوە بۆ بەنگلادیش، منیش دەڵێم با پارەم دەستبكەوێت ئەو كاتە دەگەڕێمەوە\"". هەروەها گوتیشی \""داوا دەكەین رێگەمان پێبدەن 5 هەزار دۆلارێك پەیدا بكەم، تاوەكو بگەڕێمەوە بۆ بەنگلادیش\"".
محەممەد عەتیق، لە كۆمپانیای نۆكان گرووپ كاریكردووە و دواتر دەستگیركراوە \""ئەوەی مەترسی بوو بۆ من ئەوەیە كە یاسایی نیم لە وڵاتەكەی ئێوەدا، چی بكەم؟ زۆر هەژارم و پێویستم بەكاركردنە بۆیە بەشێوەیەكی نایاسایی هاتووم\"".
ئەم گەنجەش 8 مانگە دەستگیر كراوە، وەك خۆی باسیكرد سەرەتا پێیگوتراوە سێ مانگ لە زیندان دەبێت و دواتر ئازاد دەكرێ \""دەمەوێت ئازاد بكرێم، بەڵام دیپۆرتی ئێرانمان نەكەن، ئەگەر دیپۆرتمان بكەنەوە بۆ بەنگلادش كێشە نییە\"".
\""من كوڕێكی هەژاری بەنگلادیشیم و هاتووم بۆ ئیش، باوكم نەماوە، دایكیشم نەخۆشە، لەوەتەی هاتووم بۆ ئێرە هیچ قسەیەكم لەگەڵ دایكم نەكردووە، 3 مانگە دەستگیر كراوم، پێیانگوتین 6 مانگ لە زیندان دەبن، دایكم چاوەڕێیە پارەی بۆ بنێرمەوە تاوەكو چارەسەری خۆمی پێبكەم، بەڵام نازانێت من لێرە بەندكراوم\"".
دلوار حوسێن وایگوت، بەڵام گوتیشی \""سەرپەرشتیارانی زیندانەكە درێخییان نەكردووە لەخزمەتكردنمان، بەڵام یاساكە باش نییە و دوای بەسەربردنی كاتی یاسایی ئازادمان ناكەن\"".
شەمسومیا محەممەد، هەژاری سنوورەكانی پێ بڕیوە، تاوەكو پاروویەك نان پەیدا بكات بۆ خێزان و 3 منداڵەكەی لە بەنگلادیش، بەڵام ئەو لەخەمی ئەوەدا بوو دیپۆرتی وڵاتی ئێرانی بكەن \""كاتێك لەئێران دەستگیرمان دەكەن دەڵێن ئێوە مافیان، دواتر داوای 4 بۆ 5 هەزار دۆلارمان لێدەكەن، ئەگەر ئەو پارەیە نەدەین رووبەڕووی لێدان دەبینەوە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم ئازادم بكات، ماوەیەك كاربكەم تاوەكو بڕێك پارە پەیدا بكەم دواتر خۆم دەڕۆمەوە\"".
بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە، سەرەتا 180 بەنگلادیشی دەستگیر كرابوون، بەڵام نیوە زیاتریان ئازاد كراون و ئێستا تەنیا 79 بەنگلادیشی لە زیندان ماون، ئەوانەی دیكە بەرێكاری یاسایی حوكم دراون یاخود نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەكەیان یان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە وەرگیراون بۆ كاركردن و دوایی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
لەبارەی چارەسەری كێشەی دەستگیركراوەكانەوە، هیوا شێخ عەلی گوتی \""پەیوەندیمان بە پارێزگار و وەزارەتی ناوخۆوە كردووە، بەڵێنیان داوە لەرێگەی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە بیاننێرینەوە بۆ وڵاتەكەیان، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین\"".
رووداو "
