نێچیرڤان بارزانی: عێراق مەبەستی نییە کێشەکانی لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرەکان، گووتی: دوای چەندین کۆبوونەوە لە بەغدا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی گەیشتمە ئەنجامی ئەوەی بەغدا مەبەستی چارەسەری کێشەکان نییە لەگەڵ ھەرێم و ناشیانەوێت چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزنەوە بەڵکو دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی کارەکان بکەن.
زیاتر روونیکردەوە، بەغدا نیازیوایە ھەرێمی کوردستان لە پێشکەوتنەکانی رابگرێت تا ئەو کاتەی خۆیان دەگەنە ئەو ئاستە.
نێچیرڤان بارزانی گووتیشی: بۆیە لە گەڕانەوەمدا بە وەزیری سامانە سروشتییەکانم راگەیاند کە ئێمە کاردەکەین بۆ سەربەخۆیی لە سووتەمەنی و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمەشمان کردە دروشمی خۆمان.
دەڵێت کە لەم ھەنگاوەدا زۆر بوێرانە کارمان کرد و سەرکەوتووش بووین تێیدا.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ئاماژەیدا کە ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدات نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە بگەیەنێتە ئەوروپا و وڵاتانی تر.
گووتیشی: خەونی گەورەمان ماوە و ئەوەیە کە نەوتی خۆمان بگەیەنینە وڵاتانی دیکە.
ھەروەھا ئاماژەشیدا : ئێمە ھەڕەشە نین لە سەر ھیچ وڵاتێک ، ناشمانەوێت لەو دەستوورەی عێراق ھەیە ھیچ شتێکی تێدا زیاد بکەین، بەلکو دەمانەوێبت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کارەکانمان بکەین، دەمانەوێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق کارەکان بکەین.
دەمانەوێت ئەو کارەی دەیکەین بۆ خزمەت کورد، عەرەب و ھەموو ئەو پێکھاتانە بێت کە لە عێراقدا دەژین.
ھەروەھا گوتیشی : ئازار دەکێشین و زۆرمان پێناخۆشە کە دەبینین رەوشی عێراق بەمجۆرەیە، ھاوڵاتیانی رۆژانە لە چەند کاتژمێرێک زیاتر کارەبایان نییە لە کاتێکدا عێراق خاوەنی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مرۆیی و سروشتییە بۆیە مخابن و خەڵکی عێراقیش شایستەی خزمەتی زۆرە.
