ووتارى نێچیرڤان بارزانى لە رێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی هەوارگەی گەشتیاری كۆڕهك
هەموو لایەكتان بەخێربێن بۆ ئەم ڕێوڕهسمه.
زۆر سوپاسی مستەر بۆب دەكەین بۆ ئەو ووردەكارییەی كە لەسەر پڕۆژەكە باسی كرد. من دەمەوێ قسەكانی خۆم لەوە دەستپێبكەم، پێش ئەوەی بگەمە ئێرە كاك (عبدالواحید گوانی) بە بیری هێنامەوە ئەو شوێنەی كە ئێمە ئەمڕۆ ئەم پڕۆژە جوان و قەشەنگ و گەشتیارییەی تێدا دەكەینەوە، ڕۆژێك شوێنێك بووە كە تانكه سهربازییهكانى عیراق لێرەوە لەم بەرزاییانەوە هەوڵیان داوە بچنە خوارەوە بۆ ئەوەی ڕواندز و ئەو سنوورەی كە شۆڕشی تێدا هەبووە؛ كۆنترۆڵ بكهن. ئەمڕۆ زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئێمە لێرە لە هەمان شوێن كۆ بووینەتەوە، بەڵام بە پڕۆژەیەكی گەشتیاریی زۆر جوان و قەشەنگ كە بە ڕاستی پڕۆژەیەكی نمونەییە لە هەموو كوردستاندا.
ئەمڕۆ ئێمە هەموومان پێكەوە كۆ بووینەتەوە ئەم پڕۆژەیە بكەینەوە، ئەم بەراوردكردنەی چەند ساڵێك لەمەوبەر بۆ ئەمڕۆی كوردستان خۆی لە خۆیدا نیشانەی دڵخۆشی و نیشانەی ئەوەیە كە ئێمە بەرەو دواڕۆژی گەلەكەمان هەست بە ئاسوودەییەكی زیاتر بكەین، كە ئەمڕۆ لە جیاتی تەقەكردن و لە جیاتی ئەوەی ترسمان هەبێت لە داگیركەرانمان؛ خەریكی ئەوەین بزانین چۆن ووڵاتی خۆمان لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو پێشەوە ببەین. ئەم پڕۆژەیە كە پڕۆژەیەكی نمونەییە، لە هەموو خەڵكی كوردستانى پیرۆز دهكەم. لە خەڵكی پارێزگای هەولێر پیرۆز دهكەم، لە خەڵكی ڕواندزی خۆشەویست پیرۆز دهكەم، لە خەڵكی دەڤەری سۆران و هەموو ئەو دەڤەرە پیرۆز دهكەم كە بە ڕاستی پڕۆژەیەكی هەتا بڵێی جوان و ڕێكوپێكە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ستراتیژییەتی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان هەمیشە باوەڕی بە پرەنسیپێكی بنەڕەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ووڵاتی ئێمە بەبێ بەشداریكردنی كارای كەرتی تایبەت؛ ناتوانێت پێش بكەوێت. ئێمە هەمیشە گوتوومانە و جهخت لهوه دەكەینەوە داینەمۆی پێشكەوتنی هەر ووڵاتێك كەرتی تایبەتی ئەو ووڵاتەیە. ئێمە بە هەستكردن بەم ڕاستییە، بە هەستكردن بەم پێویستییەی ووڵاتەكەمان؛ چەند ساڵێك لەمەوبەر لە كابینەی پێنجەم یاسای وەبەرهێنانمان لە هەرێمی كوردستان داڕشت. ئەو یاسایە، یاسایەكە كە هاندەرێكی زۆر باشە بۆ وەبەرهێنانی دەرەوە و وەبەرهێنانی خۆماڵی؛ بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەی خۆیان لە ووڵاتی خۆیاندا بەگەڕ بخەن.
جێی دەستخۆشی و جێی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ دەبینین سەرمایەدارەكانی كوردستان ڕاستە قازانج دەكەن و قازانجیان كردووە لەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە؛ خەریكە دەبینین ئەمانە دیسانەوە جارێكی تر سەرمایەی خۆیان لە ووڵاتی خۆیان بەكار دەخەن. ئەمە جێی دڵخۆشییە، ئێمە دەمانەوێ ئەمانە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بە جددی بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
لە كابینەی حەفتەمیش ئێمە گرنگییەكی زۆر تایبەتمان داوە بە بواری گەشتوگوزار، ئەم شوێنەش كە ئەمڕۆ لێى كۆ بووینەتەوە، دەتوانێت ببێتە شوێنێكی هەرە جوانی گەشتیاری؛ نەك تەنها بۆ كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو عیراق. كوردستان بە شێوەیەكی گشتی شوێنێكە كە زۆرێك لە گەشتیارانی دەرەوە و گەشتیارانی ناوخۆ حەز دەكەن بێن و كاتی خۆیان لە كوردستان ببەنە سەر. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە لە كابینەی حەفتەمیش هەوڵی ئەوەمان داوە و سیاسەتی ئەوەمان داڕشتووە كە زیاتر بایەخ بە كەرتی گەشتیاری بدەین و لەسەر ئەم سیاسەتەش بەردەوام دەبین و داوا دەكەین وەبەرهێنەرانی كورستان زیاتر لە بواری گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان سەرمایەی خۆیان بخەنە گەڕ.
لێرەوە داوا لە هەموو سەرمایەدارانی كوردستان دەكەم ئەوانەی كە سەرمایەیان هەیە؛ دڵنیا بن لەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری پلانەكانیان دەبێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەشوهەوایەكی ڕەخساندووە كە ئەوان دەتوانن زۆر بە ڕێكوپێكی و بە دڵنیابوونێكی زۆرەوە سەرمایەی خۆیان لەم ووڵاتەدا بخەنە گەڕ.
لە كۆتایی قسەكانمدا؛ دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی ئەم بیرۆكهیه بكەم كە چەند ساڵێك لەمەوبەر كاك سیروان لەگەڵ من باسی كردووە، كە بیرۆكەیەكی وا هەیە و دەمانەوێ لێرە كارێكی وا بكەین. بە ڕاستی دەستخۆشییان لێدەكەم و پیرۆزباییان لێدەكەم. پیرۆزبایی لە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم دەكەم كە سەرمایەی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە. وەكوو جێبەجێكاری ئەم پڕۆژەیە دەستخۆشی لە كۆمپانیای دارین دەكەم كە ئەم كارە جوانەیان بەجێگەیاند.
سوپاسی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر، نەورۆز خان و ستافهكه دەكەم كە ئەوانیش هەوڵێكی جددیان داوە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە بە باشی جێبەجێ ببێت. سوپاسی وەزیری شارەوانی دەكەین بۆ ئاسانكاری و سوپاسی كاك مەولەوی دەكەین چونكە دەستەی گەشتوگوزارن و، لە سەرووی هەمووشیانەوە سوپاسی پارێزگاری خۆشەویستی هەولێریش دەكەم كە ئەویش تەشریفی لێرەیه و جێدەستی جەنابی پارێزگار لە هەموو شوێنێك لە هەولێر دیارە. لەم پڕۆژەیەشدا وەكوو خەمخۆرێك بەردەوام كاری كردووە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە ڕێكوپێكی سەربكەوێ.
ئەم پڕۆژەیە لە هەموو گەلی كوردستان پیرۆز بێ، هەموو لایەكتان بەخێر بێن سەرچاو و هیوادارم ئێمە ساڵ بە ساڵ پڕۆژەی باشتر، بە كواڵێتیی ڕێكوپێكتر و پڕۆژەی باشتر لە هەرێمی كوردستان ببینین، بە هیوای ئەو رۆژە. كوردستان هەمیشە ئاوەدان بێ و ئێوەش هەمیشە لە خۆشی و بەختەوەریدا بژین.
