ده‌قى ووتارى نێچيرڤان بارزانى له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولێكى تازه‌ى كۆليژى پۆليسى هه‌ولێر
میوانه خۆشه‌ویسته‌كان .. به‌خێربێن
سه‌ره‌تا پیرۆزبایی له قوتابییه ده‌رچووه‌كان ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م خۆشه‌ويستانه ببنه مایه‌ی زیاتر پێشكه‌وتنی ده‌زگای پۆلیس له هه‌رێمى كوردستاندا. ئومێده‌وارم ئه‌و یه‌ك ساڵه‌ی لێره خوێندوویانه، پاشخانێكی گه‌وره‌يان پێبه‌خشیبن بۆ باش تێگه‌یشتن له گرنگیی كار و ئه‌ركی پۆلیس له كۆمه‌ڵگه‌كى دیمو‌كراتى و پێشكه‌وتوودا كه ئێمه ده‌مانه‌وێ له هه‌رێمى كوردستان نموونه‌یه‌كی جوان بين له ناوچه‌كه‌دا.
سوپاسى گه‌رم و بێپايانم بۆ مامۆستایان و ڕاگر و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆلیژی پۆلیسی هه‌ولێر و سوپاسی ئه‌رككێشانی دایكان و باوكانی ئه‌و قوتابییه ده‌رچووانه ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و جه‌نابى وه‌زير كاك كه‌ريم سنجارى ده‌كه‌م كه ئه‌ركی دابینكردنی خوێندن و پێگه‌یاندنێكی باش بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ى له ئه‌ستۆ گرتووه. پيرۆز بێ له هه‌موو لايه‌كتان و ده‌ستخۆشيتان لێ ده‌كه‌م.
پێمخۆشه كه ئه‌مڕۆ خوێندكارانی سێ خولی جیاواز لێره ده‌رده‌چن كه بریتین له 22 قوتابيی كچ، 64 قوتابيی زێره‌ڤانی و 264 قوتابيی دیكه له خولی 14ی كۆلیژی پۆلیسی هه‌ولێر. پیرۆزبایی له یه‌كه یه‌كه‌ى ئه‌م به‌ڕێزانه ده‌كه‌م و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.
بێگومان به‌شدارییكردنی كچانی میلله‌ته‌كه‌مان شانبه‌شانی كوڕان له ده‌زگاكانی پۆلیسدا، هه‌نگاوێكی يه‌كجار زۆر گرنگه و یه‌كێكه له پێویستییه‌كانی پێشكه‌وتنی ده‌زگای پۆلیس و ده‌زگای ئاسایش له كوردستان.
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌و ده‌رچووانه جگه له مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازی، یاسا، دادپزیشكی، وانه‌ی مافی مرۆڤ و له سه‌رووى هه‌موويانه‌وه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژيی خێزانیش ده‌خوێنن. ئه‌وه ڕێگه‌یه‌كی ڕاسته بۆ پێشخستنی ده‌زگای پۆلیس له هه‌رێمی كوردستاندا. ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بایه‌خ به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری بده‌ن له‌ناو ده‌زگای پۆلیس له كوردستان.
پۆلیس ڕه‌مزی سه‌روه‌ريی یاسا و حوكمی یاسایه، ئێمه تاوه‌كو ئه‌و چه‌مكه‌مان به كرده‌وه گێڕایه‌وه جێگه‌ی خۆی، كار و زه‌حمه‌تییه‌كی يه‌كجار زۆری ویست. چونكه له ووڵاتێكی دیكتاتۆریی و عه‌سكه‌رتاریيه‌ت وه‌ك عێراقدا، پۆلیس كرابووه مایه‌ی نوكته له‌سه‌ركردن، نه‌ك ڕێزلێگرتن. هه‌روه‌ها كرابووه ده‌زگای پاراستنی حوكم، نه‌ك حوكمی قانوون.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خۆشحاڵين ئێستا ئه‌و تێڕوانینه گۆڕاوه. پۆلیس له هه‌رێمی كوردستاندا ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه. ڕۆژ له دوای ڕۆژ له لايه‌ن خه‌ڵكه‌وه خۆشه‌ویستتر ده‌بێت.
ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو، ئێستا كار له‌سه‌ر پێشخستنی كاری پۆلیس ده‌كه‌ین به‌پێی چه‌مكێكی هاوچه‌رخ؛ ئه‌ویش چه‌مكی (پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یيه). پێناسه‌ی ئه‌و چه‌مكه به مانا ساده‌كه‌ی؛ بریتییه له هاوكاريی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ پۆلیس و كه‌مكردنه‌وه‌ی ترسی كۆمه‌ڵگه له ڕوودانی پێشێلكاری و ڕوودانی تاوان. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ڕێزگرتن بۆ پۆلیس له‌لایه‌ن خه‌ڵك و ڕێزگرتن له هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه دروست ده‌بێت. هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و چه‌مكه ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش هان ده‌دات كه هاوكاريی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت بكه‌ن له پاراستنی سه‌قامگیری له ووڵاته‌كه‌ماندا.
به‌كورتی (پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی) ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وتر له نێوان كۆمه‌ڵگه و پۆلیسدا دروست ببێ و ئه‌ركه‌كانی هه‌موو هاووڵاتییه‌كیش له به‌شداریكردن له پاراستنی سه‌قامگیریى ووڵاته‌كه‌ياندا زیاتر ده‌كات. هه‌ربۆیه‌ش داواكارم له كۆلیژه‌كانی پۆلیس له كوردستان كه بایه‌خێكی زۆر به‌و چه‌مكه بده‌ن، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆش ده‌بێ بیر له شێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و چه‌مكه بكاته‌وه.
له‌و بواره‌شدا ده‌كرێ سوود له ئه‌زموونی ووڵاتانى وه‌كوو به‌ریتانیا و هه‌ندێ ووڵات له ناوچه‌كه وه‌ربگيرێت. له به‌ریتانیا بۆ نموونه به‌هۆی (پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌ییه‌وه)، ساڵی 2009 ئاستی تاوان به ڕێژه‌ی 48% دابه‌زی، هه‌روه‌ها له ووڵاتانی دیكه‌ش ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و چه‌مكه تازه له بواری كاری پۆلیسدا، ئه‌ركێكی زۆریش ده‌خاته ئه‌ستۆی ڕێكخراو و ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه به‌شدارییه‌كی به‌رفراوان بكه‌ن له یارمه‌تیدانی پۆلیس و پاراستنی سه‌قامگیری.
سه‌ربه‌رزی و پێشكه‌وتنی ووڵاته‌كه‌مان به پله‌ی یه‌كه‌م پابه‌نده به پاراستنی ئه‌من و ئاسایشه‌كه‌یه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌ش ده‌خاته سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان. هه‌روه‌ها له‌و پێشكه‌وتنه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، به‌شی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێیدا يه‌كجار زۆر گه‌وره‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ش به ڕاستی جێگه‌ی خۆيه‌تى ڕێز و ده‌ستخۆشی له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، به‌و خۆشه‌ويست و به‌و به‌ڕێزانه بگه‌يه‌نين.
سه‌قامگیری و ئارامی؛ مه‌رجی یه‌كه‌می زیادبوونی هه‌لی كار و وه‌به‌رهێنان و گه‌شتیارییه له هه‌موو ووڵاتێكدا. ئێستا كه ئه‌م هه‌موو كۆمپانیا بیانییه دێنه كوردستان، هه‌روه‌ها كه هاتنی گه‌شتیاران بۆ ووڵاته‌كه‌مان له زیادبوونه، به‌هۆی باش كاركردنی پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆليس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه كه هه‌ميشه ئه‌و خۆشه‌ويستانه مايه‌ى ڕێز و پێزانينن.
هه‌ربۆیه‌ش ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه قه‌دری ئه‌و سه‌قامگیرییه بزانن كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. زۆر جار به‌داخه‌وه هێرش و ڕه‌خنه‌ی ناڕه‌وا له‌و ده‌زگایانه ده‌گیرێت، ئه‌وه كارێكی خراپه و نادیده‌گرتنی كاری پۆلیس و ئاسایش، زيانێكى گه‌وره‌يه كه له كۆمه‌ڵگه‌ى خۆمانى ده‌ده‌ين. هیوادارین هه‌موو لایه‌ك به‌پێی ئه‌و زه‌حمه‌تییانه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه كێشاویانه، ڕێز له كاره‌كانیان بگرن و بیكه‌نه سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕداری ئه‌ندامه‌كانیان به‌و ده‌زگایانه، نه‌ك كولتووری سووك ته‌ماشاكردنی ئه‌و ده‌زگایانه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بڵاو بكه‌نه‌وه.
به‌ڕێزان..
ئێمه چه‌ند ڕۆژێكی دیكه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ین، پێویستیمان به ده‌زگا ناوخۆییه‌كانه بۆ باش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن. داوا له پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م به هه‌ستێكی ته‌واو نیشتمانیينه‌وه؛ پرۆسه‌كه بپارێزن. پاراستنی دیموكراسی و ئارامی و پاكيی پرۆسه‌ی سیاسی، مه‌رجێكی گرنگه بۆ پاراستنی ڕێڕه‌وی پێشكه‌وتنی ووڵاته‌كه‌مان و خۆشگوزه‌رانی و ته‌ندروستيى به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا. براوه‌ى سه‌ره‌كى له‌م هه‌ڵبژاردنانه گه‌لى كوردستانه، گه‌لى كوردستان براوه‌ى ئه‌سڵى يه له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژارندا له هه‌رێمى كوردستان.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
ژماره‌یه‌كی زۆر له پۆلیس و ئه‌فسه‌رانی كورد له پۆلیسی عێراقدا، له كاتی شۆڕشی ئه‌یلوول و شۆڕشه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو له شۆڕشی كوردستان، زۆریان بوونه فه‌رمانده‌ی دیاری پێشمه‌رگه. هه‌روه‌ها له كاتی ڕاپه‌ڕینی 1991وه وه‌ك پارێزه‌ری گه‌ل و سه‌قامگیريی كوردستان بوون و ڕۆڵیان گێڕا.
ئێستاش تۆماری هه‌رێمی كوردستان له بواری پابه‌ندبوون به مافه‌كانی مرۆڤ، تۆمارێكی باشه و به‌ره‌و باشتریش ده‌چێت. شۆڕشه‌كانی كوردستان بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌ڵگیرساون. واته به‌شێكی ئامانجی ئه‌و شۆڕشانه چه‌سپاندنی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌كانی مرۆڤ بووه، بۆیه‌ش ئه‌مڕۆ ئێمه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه كاری سه‌ره‌كيی پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌گشتی، پاراستنی سه‌قامگیری و نه‌هێشتنی تاوان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه.
زۆرم پێخۆشه كه ده‌بینم له كۆلیژی پۆلیس له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی یاسا و دادپزیشكیدا، وانه‌ی مافی مرۆڤ، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان ده‌خوێندرێت. ئه‌مانه كاری پۆلیس له هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن.
ڕۆڵی پۆلیس له ماوه‌ی ڕابردوو باش هه‌ڵده‌سه‌نگێنین له پاراستنی ئافره‌تان له پێشێلكاریكردن له به‌رامبه‌ريان، به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه چاومان له‌وه‌یه كه هه‌وڵ بده‌ن زیاتر چالاك بن له‌و بواره‌دا. داوا له هاووڵاتیان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش ده‌كه‌م كه له‌و بواره‌شدا زیاتر هاوكاريی پۆلیس بكه‌ن. داوا له ده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان به‌شيوه‌يه‌كى گشتى ده‌كه‌م كه كار بۆ هۆشياركردنه‌وه‌ى بابه‌تى توندوتيژى دژى ئافره‌تان زياتر له ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن هه‌وڵى بۆ بده‌ن.
پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان ئێستا ده‌توانێ كارێكی زیاتر بكات له بواری پاراستنی گیانی ئافره‌تاندا، ئه‌ویش به پشته‌به‌ستن به‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی له ساڵی 2008دا ئه‌نجاممان داوه له یاسای باری كه‌سیدا له هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها به ده‌ركردنی یاسای نه‌هێشتنی توندوتیژيی خێزانی له په‌رله‌مانى كوردستان.
به‌ڕێزان ..
زۆر باش ده‌بێت كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ ساڵانه خه‌ڵات بداته چه‌ند ئه‌فسه‌ر و پۆلیسێكی نموونه‌یی له پاراستنی ئافره‌تاندا، هه‌روه‌ها له هه‌ڵسوكه‌وتكردنی پاك و دڵسۆزانه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا. هيوادارم وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌يه به جددى وه‌ربگرێت و كار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بكات.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتبێت كردوویه‌تی بۆ باشكردنی ژیانی كارمه‌ندانی پۆلیس كه شايسته‌ى هه‌موو ڕێزگرتن و ژيانێكى باشترن له‌وه‌ى كه ئێستاش هه‌يانه. له داهاتووشدا زیاتر بایه‌خ به دابینكردنی ژیانی پۆليس و ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى تر ده‌ده‌ين. په‌نا به‌خوا ئێمه ئێستا به پشتبه‌ستن به سامانی خۆمان به‌ره‌و ژیانێكی خۆشگوزه‌رانتر له ئێستاش هه‌نگاو ده‌نێین له كوردستاندا. به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چین كه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌ن پشكی وه‌ك یه‌ك بن له داهاتی نه‌وت و غازی ووڵاته‌كه‌ماندا.
ئێمه توانیمان قۆناغی دابینكردنی سووته‌مه‌نی و كاره‌با ئه‌نجام بده‌ین، ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ين كه پشكداریيه‌كى زياتر‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌م مه‌سه‌له‌يه‌دا هه‌بێت. ئێمه پلانمان هه‌یه بۆ خۆشگوزه‌رانيی زیاتری میلله‌ته‌كه‌مان، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌رچی پێمان بكرێت ده‌یكه‌ین بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانمان. هه‌روه‌ها به هه‌مان ڕادده‌ش ڕێز له كاری پۆلیس و كارمه‌ندانی ئاسایش و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ش ده‌گرین بۆ پاراستنی كوردستان و گیان و موڵكی هاووڵاتیانی كوردستان.
سوپاس و پێزانين بۆ يه‌كه‌كه‌ى ئه‌و خۆشه‌ويستانه كه شه‌ونخوونى ده‌كه‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ پاراستنى گيانى هاووڵاتيان له هه‌رێمى كوردستان. دووباره پیرۆزبایی له ده‌رچووانی تازه‌ی كۆلیژی پۆلیسی هه‌ولێر ده‌كه‌م و هیوادارم خه‌ڵكی كوردستان هه‌میشه له ئارامی و له خۆشى و پێشكه‌وتندا بژیت و هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو بۆ ئه‌م ڕێوره‌سمه.
سوپاستان ده‌كه‌م.
