سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەكات
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پاشان وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێم و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و هەرێمی كوردستانیشی بەمجۆرە وەسف كرد كە شوێنێكە بۆ كاركردن و گەشەكردن و دەكرێ كاری زۆر چاك لەو وڵاتەدا بكرێت بە تایبەت لە بواری كشتوكاڵدا. وەزیری دەروەی هۆڵەندا ڕاشیگەیاند كە لە هەرێمی كوردستاندا دیموكراسی بزێوە و ململانێی بەهێز هەیە لەنێوان پلانی خەراپ و باش بۆ بەڕێوەبردن و هەروەها ململانێ بۆ كۆكردنەوەی دەنگدەر و ئەوەش بابەتێكی زۆر ئیجابییە.
لە بەرانبەر سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئەزموونی وڵاتی هۆڵەندا هەیە لەبواری گەشەی كشتوكاڵدا و هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان و هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان لەو كەرتەدا پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانیش سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد كە دیموكراسی لە كوردستان كەوتووەتە سەر ڕێگەی خۆی و بانگەشەی هەڵبژاردن و كێبركێی لایەنەكانی هەرێم بە باشی بەڕێوە دەچێت و خەڵكیش هەمیشە دەنگ بەو پلانە دەدەن كە عەمەلی بێت و خزمەتی وڵات بكات.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا كە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بوو، سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە ئەوەیە كە پێویستە دواڕۆژی سووریا بكەوێتە دەست بەدیلێكی دیموكراتی و هەروەها ڕەچاوی مافەكانی گەلی كورد بكرێت لە سووریای داهاتوودا و دەبێ هەڕەشەی برەودانی توندڕۆیی و تیرۆریش لە سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی سەرۆك بارزانی هێمای بە مەترسییەكانی تیرۆر و نكۆلیكاری و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە سووریا دا و بە پێویستی زانی كە ئەنجامدەرانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دادگایی بكرێن و ئەوەشی ڕاگەیاند كە گەلی كورد زیاتر لە هەر گەلێكی دیكە لە مەترسی و ئازارەكانی بەكارهاتنی چەكی كیمیایی دەگەن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەكارهاتنی چەكی كیمیایی سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە تیرۆر و توندڕەوی و كوشتنی مرۆڤ بەهەموو شێوەیەكی دژی پەیامە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستەكەی ئیسلام و دەقە پیرۆزەكانی كتێبە ئاسمانییەكان و قورئانی پیرۆزە و بنبڕكردنی تیرۆریش پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. هەروەها گەلی كوردستانیش كە خۆی گەورەترین قوربانیی چەكی كیمیایی بووە بە هەموو شێوەیەك دژی بەكارهێنانی ئەو چەكەن لە هەر شوێنێكی جیهاندا.
