سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی دانیمارك لە عێراقی فیدڕاڵ كرد
لە دیدارێكدا باڵیۆزی دانیمارك خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان و بینینی ئەو هەموو پێشكەوتنە نیشان دا و ئەوەشی راگەیاند، هەرچەند باڵیۆزخانەیان لە بەغدا داخستووە، بەڵام حەز دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا چالاكییان هەبێ و نووسینگەی بارزگانی وڵاتەكەیان لە هەولێر بكەنەوە و ئاماژەیشی بۆ ئەوە كرد، بۆ ئەم مەبەستە وەزیری بازرگانیی دانیمارك ساڵی داهاتوو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
باڵیۆزی دانیمارك مەیلی كاركردنی كۆمپانیا دانیماركیەكانی لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان دەیانەوێ بەشداری لەم ڕەوشە سەقامگیرییە ئابووری و بازرگانییە بكەن كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئابووریی هەرێمیشی بە ئابوورییەكی خێرا وەسفكرد. چونكە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان هەلی مەزنی بۆ كاری بازرگانی و چالاكیی ئابووری رەخساندووە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی دانیمارك و پێشوازی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی دانیمارك كرد. سەبارەت بە پرسی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی هێمای بەوە دا كە زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووریا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام یارمەتیان داون و وەك ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەیی سەیریان كردووە، بەڵام كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئاوارە سووریانەی لە توركیا و ئوردن و لوبنان دەژین ئاوڕیان لە ئاوارە سوورییەكانی نێو هەرێمی كوردستان نەداوەتەوە.
قسەكردن لەسەر رەوشی سیاسیی ناوچەكە و رۆڵی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و باڵیۆزی دانیمارك، بە ستایشەوە باسی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی:\" هەرێمی كوردستان سەقامگیترین و ئارامترین ناوچەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دونیای دەرەوە چاوی لەوەیە ئێوە رۆڵی ئاشتیخوازانە بگێڕن لە چارەكردنی كێشەكانی ناوچەكە. لە مبارەیشەوە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێكی ئاشتیانە بەڵام نابێتە لایەن لە هیچ كێشەیەكدا بە تایبەت لە ململانێ تاییفییەكاندا.
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و پارێزگاكانی عێراقی تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی نێوان باڵیۆزی دانیمارك و سەرۆك بارزانی بوو، سەرۆك بارزانی هیوای خواست دانیماركیش هاوشان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە هاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ڕۆڵی هەبێ لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان."
