پهیامی وهزیری کاروباری کۆمهڵایهتیی ههرێمی کوردستان به بۆنهی ساڵرۆژی پهسهندکردنی رێکهوتنامهی مافهکانی منداڵان
بەبۆنەی پەسەندكردنی رێكەوتنامەی مافەكانی منداڵ لە 20-11-1989 پیرۆزبایی ئاراستەی منداڵانی جیهان و هەرێمی كوردستان دەكەم و هیواخوازم ئەم یادە وەرچەرخانێك بێت بۆ دەستەبەركردنی زیاتری مافەكانی منداڵان.
لەكاتێكدا ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان یادی پەسند كردنی ئەم رێكەوتننامەیە دەكەینەوە، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵاَیەتی وەك بەشێك لەئەركەكانی لەهەوڵی بەردەوام دایە بۆ پاراستنی مافەكانی منداڵ لەرێگای یاساو رێسای تایبەت بۆ دەستەبەركردن و بەدیهێنانی مافەكانیان. بۆ ئەم مەبەستەش لەئێستادا كار بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای پاراستنی مافەكانی منداڵ دەكەین كە ئەم یاسایە گرنگی دەدات بە دیاریكردنی تەمەنی منداڵ و گۆڕینی تەمەنی بەرپرسیارەتی یاسایی و گرینگیدان بەدیاریكردنی تەمەنی كاركردنی منداڵ بە مەبەستی پابەند كردنی خێزان و كۆمەڵگاو حكومەت لە درووست كردنی كەش و هەواو ژینگەیەكی گونجاوو باش بۆ بەخێو كردن و پەروەردەیان. هەروەها لەرێگای ئەم یاسایەوە گرنگی خێزان و مانەوەی منداڵ تیایدا لەگەڵ بوونی چاودێری كۆمەڵگاو حكومەت بۆ پاراستنی مافەكانیان زۆر بە ووردی جەختی لە سەر كراوەتەوە....... هەر لەم رەشنووسی یاسایەدا گرنگی تایبەت دەدرێت بە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسودەو سەربەرزانە بەسەر ببات . ئەمە جیا لەهەمواركردنەوەی سیستمی دایەنگەكان بەشێوازێك باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە منداڵانە بكرێت و...... هەروەها ئامادەكردنی پرۆژە یاسای خێزانی جێگرەوە .... دانان و جێگیر كردنی منداڵە لە چوارچێوەی خێزانێكی تر كە ئەو خێزانانە راهێنراوو خاوەن ئەزموونن بۆ بەخێو كردن و پەروەردە كردنی منداڵ بەسەرپەرشتی و بەدواداچونی توێژەرانی كۆمەڵایەتی بۆ ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەكی خراپی خێزانی و بێ سەرپەرشت و لەژێر زەبرو زەنگ و توندوتیژی دان، و چەندان پرۆژەی تری بەردەوام لە دایەنگاكان و بنكەو سەنتەرە كۆمەڵایەتیەكان و خانەكانی نەوجەوانان و پەیمانگاكان پەروەردەی تایبەت بۆ منداڵانی بیركۆڵ و نابیست و نابیناو خاوەن پێداویستی تایبەت ، كەهەریەك لەمانە لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونی و خزمەتگوزاریەوە گرنگی بەمنداڵ دەدەن.
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدانی تواناكان لەبواری منداڵاندا لەڕێگەی لێژنەی پاراستنی مافەكانی منداڵ هەماهەنگی دەكات بۆ دانانی بەرنامەو پلانێك لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی كە بایەخ بە گەشەپێدانی منداڵ و كۆمەڵ دەدەن و..... ئەنجومەنی چاودێری نەوجەوانانیش كار بۆ ئەوە دەكات سیاسەت و ستراتیجی لاساری نەوجەوانان سەرلەنوێ بخرێتە بەر گفتۆگۆكردن و داڕشتنی پرۆگرامێكی كاراو بەرزكردنەوەی پێشنیار بۆ چارەسەركردنی دیاردەی لاساری نەوجەوانان.
هەروەها كەوتنە كاری هێڵی فریاكەوتنی منداڵ كەیەكێكی ترە لەپرۆژەكانی وەزارەت بۆ منداڵان بەدانانی هێڵی گەرم بۆ پاراستنی منداڵ لەهەر جۆرە توندوتیژی و كێشەیەك كە رووبەرووی دەبێتەوە بە پەیوەندی كردن بەهێڵیكی تەلەفۆن كە ژمارەكەی (116). ئەم پرۆژەیە تەنها بۆ مناڵان نیە بەڵكو پێشكەشكردنی رێنمایی و هۆشیاریە بۆ دایكان و باوكان و مامۆستایانی پەروەردەش.
ئێستا ئەو هێڵە وەك قۆناغی سەرەتا لەهەولێر كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەداهاتوودا لەسلێمانی و دۆهۆكیش دەكەوێتە كاركردن و پێویستمان بەوە هەیە ئەم هێڵە لەسەرتاسەری كوردستان فراوانبكریت.
هەرچەندە رۆژانە لەشەقام و بازاڕەكاندا منداڵی ئیشكەر بەرچاو دەكەون و بوونیان هەیە، لەو بوارەدا وەزارەت پڕۆژەی دانانی سنوورێك بۆ ئیشكردنی منداڵی ئەنجامداوەو لەساڵی (2010)ش روپێوێكی تایبەتی ئەنجامداوە بەمەبەستی زانینی ژمارەی منداڵی ئیشكەر لە لایەك و هۆكارە سەرەكیەكانی كاركردنیان لەلایەكی تر و بەراوردكردنی رێژەی منداڵی ئیشكەر لەگەڵ قۆناغ و ساڵەكانی پێشتر و دۆزینەوەی رێگە چارە بۆ پێشگرتن و كەمكردنەوەی كارپێكردنی منداڵ.
لەكۆتایدا و بەبۆنەی رۆژی پەسند كردنی مافەكانی منداڵ لە نەتەوە یەكگرتوەكان جەخت لەسەر دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ منداڵان دەكەینەوە و دوپاتیدەكەینەوە ئەركی خێزانیش كەمتر نیە لەئەركی حكومەت بۆیە پێویستە هەموومان لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتیە دابین بۆ پاراستنی مافەكانی منداڵان.
پیرۆزبێت رۆژی 20 / 11 پەسند كردنی رێكەوتننامەی مافەكانی منداڵ.
ئاسۆس نەجیب عەبدوڵا
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
