لیژنەی نەزاهە درا بە گۆڕان
دەستلەكاركێشانەوە سەرۆك، جێگر، بڕیاردەر و دوو ئەندامی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان، ماوەیەكی زۆر لە ڕۆژێڤی میدیاكانی كوردستاندا بوو و بەردەوام باس لە هۆكاری بەركەوتنی ئەو گورزە بە لیژنەكە دەكرا.
سەرۆكی لیستی كوردستانی لە پەرلەمان (سۆزان خاڵە شیهاب)، هۆكاری چالاكنەبوونی لیژنەكە و دواتر لێكهەڵوەشانەوەكەی، بە تەواوی ناخاتە ئەستۆی ئەندامانی ئەو لیژنەیە.
نەبوونی نەخشەڕێگەیەك بۆ لیژنەكە، نەبوونی دەستەی نەزاهە و چالاكنەبوونی چاودێریی دارایی، ئەو هۆكارە سەرەكییانەن كە (سۆزان خاڵە شیهاب) باسی لێوە دەكات.
ئەو بە ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێ: “ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لیژنەی دەستپاكی چالاك بكرێتەوە، دەیشكرێت تا دروستبوونی دەستەی نەزاهە، لیژنەی دەستپاكی هاوكارییەكی تەواوی لەگەڵ دەستەی داواكاری گشتیدا هەبێت.”
سەرۆكی لیستی كوردستانی، لیستی گۆڕانی هان دا كە وەكوو هەموو لیستەكانی دیكە، ئامادەی وەرگرتنی لیژنە پەرلەمانییەكان و سەرۆكایەتییەكەیان بێت.
ئەو دەڵێ: “زۆر باشە ئەگەر دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێیەكان، سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوا لە سەرۆكی لیستەكان بكات بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە ئەندامی لیژنەكاندا بكرێت و ئەو كاتیش دەكرێ لیستی گۆڕان سەرۆكایەتیی لیژنەی دەستپاكی وەربگرێت.”
ئەو لیژنە پەرلەمانییە كە لە 10 ئەندام پێك هاتبوو، ئێستاكە 5 ئەندامی دەستیان لە كار كێشاوەتەوە و هۆیەكەیشی بۆ “هاوكارنەبوونی” لایەنە پێوەندیدارەكان دەگەڕێننەوە.
ئەندامی لیژنەكە (عەدنان عوسمان)، پێی وایە كە ئەو لیژنەیە هەر بە مردوویی لە دایك بووە و بە “ناوێكی گەورە و دێیەكی وێران” وەسفی كرد.
ئەو بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: “كاری ئێمە زیاتر لەگەڵ دیوانەكانی چاودێری و داواكاری گشتییە، بەڵام هیچ كام لەو لایەنانە هاوكارییان نەكردووین، جیا لە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی نەبێت، هەر بۆیە تا ئێستایش هیچ دۆسیەیەك نەهاتووەتە بەردەستمان.”
ئەو گوتیشی: “چەندین جار كۆی ئەندامانی ئەو لیژنەیە ناڕەزاییمان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز كردووەتەوە، بەڵام وەڵامدانەوە نەبووە.”
لیژنەی دەستپاكی لە سێیەمین خولی پەرلەمانی كوردستاندا، دانرا و سەرۆكایەتیی ئەو لیژنەیە كێشەی سەرەكیی نێوان پەرلەمانتارانی لیستی كوردستانی و لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
ئەو بزووتنەوەیە داوای سەرۆكایەتیی لیژنەی دەستپاكیی دەكرد و دوای ئەوەی كە پێی نەدرا، وازی لە پێشنیازی سەرۆكایەتیكردنی لیژنەكانی دیكەی پەرلەمانیش هێنا.
(عەدنان عوسمان) كە لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆران ئەندامی ئەو لیژنەیەیە، گوتی: “هەندێ لە دۆسیە و مەسەلەی گەندەڵی هەبوو كە ئێمە دەمانەویست لە ڕێگەی لیژنەكەمانەوە بیجووڵێنین، بەڵام بەداخەوە لیژنەكە هەر بە مردوویی لە دایك بوو.”
ئەو گوتیشی: “ئەوە بۆ مێژوو باس دەكەم كە ئەندامانی هەموو لیستەكان لەو لیژنەیەدا زۆر تەبا و كۆك بوون و هەموومان هاوڕا بووین لە چالاككردنی لیژنەكەمان، بەڵام ئەمە دوای دەستلەكاركێشانەوەكان نەما.”
ئێستاكە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ ئەگەر گۆڕانكاریی “پێویست” لە لیژنەكاندا بكرێت و “تایبەتمەندی”ـی ئۆپۆزسیۆن لە بەرچاو بگرێت، ئەوا ئامادەن سەرۆكایەتیی چەند لیژنەیەك وەربگرن.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان (كوێستان محەممەد)، بە “هەولێر” دەڵێ: “ئێمە بە پێی پشكی خۆمان، 4 سەرۆكی لیژنە، 4 جێگر و 4 بڕیاردەرمان دەبێت و ئەگەر ئەو گۆڕانكارییانە كران، ئەوا ئامادەین سەرۆكایەتیی ئەو لیژنەیە وەربگرین.”
ئەو كە پێشتر سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، ئاشكرای كرد كە بۆ ئەو كارە داوایان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە و وەڵامەكەیش “تا ڕاددەیەك ئەرێنی” بووە.
