قوباد تاڵەبانی: پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەكە لە ناوچەكە جێناكۆكەكاندا دێتە ئاراوە

قوباد تاڵەبانی: پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەكە لە ناوچەكە جێناكۆكەكاندا دێتە ئاراوە
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا (قوباد تاڵەبانی)، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتی \"هەولێر\""، ئاماژەی دا كە هیچ پێشبینییەكی بارودۆخی ئەمنیی عێراق لە پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەم وڵاتەدا ناكرێت، بەڵام \""دەبێت عێراق خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكات.\""

لە بارەی ئەگەری زیادبوونی گرژییەكانیش لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، گوتی: \""ئێستا هێزەكانی ئەمەریكایان تێدایە و ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە لەو ناوچانە هەیە.\""

ڕوونیشی كردەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا گرنگیدانی ئەم وڵاتە بە عێراق كەم ناكاتەوە و گوتی: \""كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا مانای كشانەوەی گرنگیدانی ئەمەریكا بەم وڵاتە نییە، چونكە كشانەوەی ئەو هێزانە ڕێگە بە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق دەدات لە بوارەكانی دیكەدا، هەروەها پێوەندییەكی ئەمنیی لە ڕێگەی تیمی سەربازیی ڕاوێژكارییەوە هەر دەمێنێتەوە.\""

(قوباد تاڵەبانی)، كە پێی وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت و \""دۆخی هەرێمی كوردستان وەكوو خۆی دەمێنێتەوە، چونكە ئەمەریكا لە كوردستان هێزی نییە\""، ڕەتیشی دەكاتەوە كە هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان حكوومەتی ئەمەریكا و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لە كوردستان یان دامەزراندنی بنكەی سەربازی لە هەرێمدا هەبێت و لەم بارەیەوە دەڵێت: \""هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستاندا نییە بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كوردستان و دامەزراندنی بنكەی سەربازیی لەم وڵاتەدا، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و ناتوانێت شتێكی وا بە بێ ڕەزامەندیی حكوومەتی فیدڕاڵ بكات.\""

جەختیشی كردەوە: \""هەر مانەوەیەكی هێزەكانی ئەمەریكا و دامەزراندنی بنكەی سەربازی، دەبێت بە ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق بێت.\"""
Top