سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به سه‌ردانێكی فه‌رمی به‌ره‌و توركیا به رێكه‌وت و برۆكسل و رۆماش له چوارچێوه‌ی ئه‌م گه‌شته‌ی به‌ڕێزیاندایه
سه‌رۆك بارزانی له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ توركیا چاوی به به‌ڕێزان عه‌بدوڵلا گویل سه‌رۆككۆمار و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه و كۆمه‌ڵێك له گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌وێ، له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌دا چه‌ندین پرس و ته‌وه‌ری په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا باسیان لێوه ده‌كرێ و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی پته‌وكردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش ده‌كرێته‌وه له گشت بواره‌كاندا.
دوای كۆتاییهاتنی به‌رنامه‌ی ئه‌م سه‌ردانه فه‌رمیه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ وڵاتی توركیا، بڕیاره دوای ئه‌وه سه‌رۆك بارزانی به‌ره‌و برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا به رێ بكه‌وێ به مه‌به‌ستی سازدانی دیدار و دانیشتن له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی په‌رله‌مان و یه‌كێتی ئه‌وروپا و تاوتوێكردنی ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق وناوچه‌كه به گشتی.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا، له دوای برۆكسل به‌ره‌و رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا ده‌كه‌وێته رێ بۆ به‌شداریكردن له كۆنگره‌ی هاوپه‌یمانه دیموكراته‌كان، كه له میانی ئه‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ رۆما، به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئیتاڵیا كۆده‌بێته‌وه و له دیداره‌كاندا هه‌موو ئه‌و ته‌وه‌ره بایه‌خدارانه تاوتوێ ده‌كرێن كه په‌یوه‌ستن به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و به تایبه‌تیش له بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و فه‌رهه‌نگی.
