(سەرۆك بارزانی) لە تاران: \"شەڕ ڕێگەچارە نییە، هەوڵیش دەدەین هەر وەك چۆن مەسەلەی پژاكمان چارە كرد، مەسەلەی پەكەكەیش چارە بكەین\"""
\""ئێمە دژی شەڕین و بێگومانین لەسەر ئەوەی كە هیچ كێشەیەك لە ڕێگەی شەڕەوە چارە ناكرێت.\"" سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشیدا لەگەڵ وەزیری كاروباری دەرەوەی ئێران (عەلی ئەكبەر ساڵحی)ـدا، ئەمەی گوت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەو وەڵامەی بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووسێك دایەوە كە سەبارەت بە پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پارتیی ژیانی ئازادیی كوردستان (پژاك)، ئاڕاستەی كرد.
سەرۆكی هەرێم گوتی: \""شەڕ ڕێگەچارە نییە، هەوڵیش دەدەین هەر وەك چۆن مەسەلەی پژاكمان چارە كرد، هەر بەو شێوەیەیش مەسەلەی پەكەكە چارە بكەین.\""
سەرەڕای بەردەوامبوونی پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و شەڕڤانانی پەكەكە، ماوەیەكە بە هۆی ناوبژیوانیی هەرێمی كوردستانەوە، شەڕی نێوان چەكدارانی پژاك و سوپای ئێران وەستاوە.
ئێران بە مەبەستی ڕاوەدوونانی ئەو چەكدارانە، سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا تۆپباران دەكرد. بە هۆی ئەو تۆپبارانانەوە، زیاتر لە 800 بنەماڵە ئاوارە بوون و 2 هاووڵاتییش گیانیان لە دەست دا.
وەزیری دەرەوەی ئێران (عەلی ئەكبەر ساڵحی)، بەوە دڵخۆشە كە دۆخی تەناهیی سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ئارامە. ئەو دەڵێ: \""بە ناوبژیوانیی بەڕێز (بارزانی)، توانیمان كێشەكە چارە بكەین.\""
پتەوكردنی پێوەندییە بازرگانییەكان
ئەو تەوەرەی كە لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، (ساڵحی) زۆر باسی لێوە كرد و جەختی لێ دەكردەوە، پەرەپێدانی پێوەندیی بازرگانیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان بوو.
ئەو پێی وا بوو كە دەرفەتی پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان هەیە و پێویستە سوودی لێ وەربگرێت.
(عەلی ئەكبەر ساڵحی) دەڵێ: \""دەرفەتی پەرەپێدانی ئەو پێوەندیانە زۆرە و بە هەوڵ و كۆشش و بەڵێنەكەی بەڕێز (بارزانی)، دەكرێ ئەم كارە بكەین. هیچ سنوورێك بۆ پەرەپێدانی ئەو پێوەندیانە نییە و دەبێ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بە شێوەیەكی كاراتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.\""
سەرۆكی هەرێمیش (مەسعوود بارزانی) گوتی: \""تواناییمان بۆ پەرەپێدانی ئەو پێوەندیانە زۆرە و دەبێ بە ئاشتیانە بژین.\""
بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئێران، ئەمساڵ بە بڕی 3 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەبووە.
كەرتی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، كارەبا، بیناسازی و گواستنەوەی كەلوپەل، ئەو بەشانە بوون كە بەرپرسانی ئێران پێیان وا بوو دەكرێ لەو بوارانەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئێستا ئێران، بڕی هەزار و 200 مێگاوات كارەبا هەناردەی عێراق دەكات.
دۆخی عێراق
\""بڕوامان بە ڕۆڵی تایبەتی (بارزانی) لە پێناو یەكگرتووكردنی لایەنەكانی عێراقدا هەیە و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.\"" وەزیری كاروباری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو بۆچوونەدا، گوتی: \""ئێمە بەڕێز (بارزانی) بە سیاسەتمەدارێكی بەئەزموون دەزانین.\""
ئەو هیوایشی خواست كە سەرۆكی هەرێم درێژە بەو ڕۆڵەی خۆی لە عێراقدا بدات.
دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دامەزراندنی حكوومەتی بەغدای بە سەرۆكایەتیی (نووری مالیكی) لێ كەوتەوە و لە تەنگژەی سیاسیی ڕزگاری كرد. ئێستا بۆ جارێكی دیكە عێراق تووشی تەنگژە بووەتەوە و پێوەندیی نێوان دوو لیستی زۆرینەی پەرلەمان (عێراقییە و نیشتمانی)، ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت.
سەركردایەتیی سیاسیی كورد جەخت دەكاتەوە كە كلیلی دەربازبوونی عێراق لەو تەنگژانە، پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەكان و جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی وڵاتە.
چەند وەزیرێك و پارێزگارەكانی هەولێر و سلێمانی، یاوەریی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) بۆ ئێران دەكەن. بڕیارە سەرۆكی هەرێم لە درێژەی سەردانەكەیدا لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆككۆماری ئێران (مەحموود ئەحمەدی نەژاد)، سەرۆكی پەرلەمان (عەلی لاریجانی) و بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نەتەوەیی ئێران (سەعید جەلیلی)ـدا كۆ ببێتەوە.
-سایتی هەولێر"
