ئه‌حمه‌د ده‌نیز: توركیا هه‌رگیز به شه‌ڕ ئێمه‌ی پێ له‌ناو ناچێت
ئه‌حمه‌د ده‌نیز وتیشی: تائێستا شه‌ڕ نێوانی ئێمه‌و توركیای ناخۆشتر كردووه، هیچ لایهكهمان نه‌گه‌یشتووینه‌ته قه‌ناعه‌ت، پێشمانوایه نه ئێمه به شه‌ڕ توركیامان پێ له‌ناو ده‌برێت، نه توركیاش به شه‌ڕ ئێمه‌ی پێ له‌ناو ده‌برێت، بۆیه ئێمه حه‌وت جار ئاگربه‌ستی یه‌ك لایانهمان راگه‌یاند، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ر كاتێك ئێمه ئاگر به‌ست رابگه‌یه‌نین توركیا له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵه ئاشتییهكانی چڕ بكات، بۆردمانه‌كانی چڕتر ده‌كات و گه‌ریلا و هاووڵاتی بێ تاوان ده‌كوژێت، بۆیه ئێمه وه‌ك مافی خۆمان شه‌ڕی روبه‌ڕوبوونه‌وه ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی تائێستا كردوومانه ناچاری بووه، یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووه.
وتیشی: توركیا خۆی لایه‌نی یه‌كه‌م بووه له هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕو ئه‌نجامدانی چالاكی هێزی خۆی و هێزی ئێمه، چونكه ئێمه تاوه‌كو زیانمان پێنهكهوتبێت، چالاكیمان ئه‌نجام نه‌داوه، گشت چالاكییه‌كانمان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووه، بۆیه له‌هه‌موو چالاكییه‌كاندا چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌موو هێز و توانای خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ و زه‌بری زۆریان به هێزی به‌رامبه‌ر گه‌یاندووه، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌میش توركیا بووه، چونكه جگه‌له‌وه‌ی له شه‌ڕه‌كانی نێوان ئێمه‌و توركیادا زۆر جار سه‌ربازانی توركیا زیاتر كوژراون، ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی سهربازیشیاندا گیراوه، له‌كاتی به‌كارهێنانی فڕۆكهشدا ئه‌و چه‌كه‌ی به‌كاری ده‌هێنن به پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌یكڕن و خه‌رجییه‌كی زۆریان ده‌ڕوات.
ئه‌حمه‌د ده‌نیز وتیشی: ماوه ماوه ناوچه‌كانی هه‌رێمی میدیا به چه‌كی قورس و گرانبه‌ها له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیاوه بۆردمان ده‌كرێت، جگه‌له زیانگه‌یاندن و ترساندن و تۆقاندنی هاووڵاتیانی سڤیل، هیچ زیانێك به‌ر هێزه‌كانی ئێمه ناكه‌وێت، هه‌ندێكجار باره‌گا و بازگه قوڕینییهكانی ئێمه ده‌كه‌نه ئامانج، به‌ڵام جگهلهتێكدانی دیواره قوڕینه‌كان هیچی تریان پێناكرێت، له‌كاتێكدا به تریلیۆن پاره‌ی دانیشتووانی وڵات له‌و بۆردومانانه‌دا خهرجكردهكرێن.
ده‌نیزی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌و نوێنه‌رانی حكومه‌تی ئه‌ردۆغان له وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌نجامدراوه به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی ئاشتییانه بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ و ئاڵۆزی له‌نێوانیاندا.
وتیشی: له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ركرده‌كانی ئێمه پێیان راگه‌یاندوون كه كاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا هاتووه، ئه‌و كاته له‌سه‌ر زۆربه‌ی خاڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه كۆك بوون و به‌نوێنه‌رانی ئێمه‌یان راگه‌یاند دوای پرس و راوێژ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی توركیادا درێژه به كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ده‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ، به‌ڵام توركیا له‌دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه سیاسه‌تی دژایه‌تیكردنی دژی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد‌و سیاسهتمهدارو كوردانی باكور چڕتركرده‌وه، ئێستاش رۆژانه به به‌رچاوی جیهان زیاتر له 200 چالاكوان و سیاسه‌تمه‌دار ره‌وانه‌ی زیندانه‌كان ده‌كرێن.
سه‌باره‌ت به (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان)، ئه‌حمه‌د ده‌نیز وتی: سه‌رۆك ئاپۆ هێڵی سوره، ئێمه هه‌موو بڕیاره‌كانمان له ده‌ست ئه‌ودایه، بێ ئاپۆ هیچ بڕیارێك ناده‌ین، ئه‌گه‌ر توركیا به‌ڵێن بدات دان به مافه ره‌واكانی گه‌لی كورددا بنێت، ئه‌وا ئاپۆ سیاسه‌تی ئێمه ده‌گۆڕێت، ئه‌وكات خه‌باتی شاخ ده‌گوازینه‌وه بۆ شار.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ره‌خنه‌ی توندی ئاڕاسته‌ی توركیا كرد له به‌رامبه‌ر رێگه‌نه‌دان به بینینی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، كه نزیكه‌ی سێ مانگه رێگه نادرێت ئۆجه‌لان چاوی به پارێزه‌ره‌كانیشی بكه‌وێت.
