ده‌قی دیداره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئەلعەرەبییە

ده‌قی دیداره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئەلعەرەبییە
سەرۆكی كوردستان: مافی چارەنووسی مافێكی ڕەوای خۆمانە و كاتێكیش گەلی كوردستان لە ڕاپرسییەكدا بڕیاری سەربەخۆیی دا ئێمەیش بەهەر باجێك بێت پێوەی پابەند دەبین


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سعوود بارزانی) له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌ی \"نقطة النظام\""ـی كه‌ناڵی \""ئه‌لعه‌ره‌بیه‌\""ـدا ئاماژه‌ بۆ ده‌ره‌نجامه‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات. ڕۆڵ و كاریگه‌ری كوردیش له‌و قۆناغه‌دا ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یشی بۆ شاری خانه‌قین ئاماژهی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خانه‌قین شارێكی كوردستانییه‌ و ته‌نانه‌ت ڕژێمی پیشووی به‌عسیش نكۆڵیان له‌وه‌ نه‌ده‌كردهه‌ر بۆیه‌ ئه‌و یش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی سه‌ردانی هه‌ر شارێكی كوردستانی یان عیراقی بكات.

له‌باره‌ی بڕیاری مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كوردستانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت\"" ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ده‌ستووره‌وه‌، نه‌ زیاتر نه‌ كه‌متر له‌وه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ قبووڵی ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌لی كوردستان له‌ ڕاپرسییه‌كدا بڕیاری له‌ سه‌ربه‌خۆیی دا ئه‌وا ئه‌و كات ناچاری خواستی گه‌ل به‌جێ بگه‌یه‌نین.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ڕێگە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆیی كراوە خۆش دەكات

سەرەتا پێشكەشكاری بەرنامەكە (حەسەن معەوەز) پرسی: \""جەنابی سەرۆك تۆ چەندین جار هۆشداریت داوە لەبارەی ئەگەر مەترسیدارەكانی كشانەوە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق. تەنانەت هۆشداریت لە هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆیی داوە، ئەم هۆشداریدانە پشتی بە لێكدانەوە و بۆچوون بەستووە یان بە هەڵسەنگاندن و زانیاری دروست؟\""

لە وەڵامدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی بە لێكدانەوەی واقیعەكە بۆمان دەردەكەوێت كە عێراق بەبێ بوونی هێزەكانی ئەمەریكا مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆیی كراوەی لێدەكرێت، كە بەهیچ شێوەیەك وەك جارەكانی پێشوو نابێت كە هەڵبگیرسێت و بكوژێتەوە، بەڵكو ئەمجارە كراوە دەبێت.

لەبارەی ڕۆڵی كوردیشەوە لەو قۆناغەدا (سەرۆك بارزانی) گوتی: ڕۆڵی كورد لەو قۆناغەدا ڕۆڵێكی كاریگەر دەبێت كە هەوڵی هەڵنەگیرسانی ئەو شەڕە دەدات.

كاتێكیش پێشكەشكارە پرسی چۆن دەتوانن ئەم كارە بكەن؟ (سەرۆك بارزانی) لەوەڵامدا پرسی ئێمە پێشتر سەلماندوومانە كە هەرگیز بەشێك نەبووین لە ناكۆكییە سیاسیی و تایەفەگەرییەكانی عێراق، هەر بۆیە لە قۆناغی داهاتوویشدا نابینە بەشێك لەو ناكۆكییانە.

لەگەڵ ئەوەیشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕابردوویشدا نەیتوانی ڕێگە لە هەڵگیرسانی توندوتیژی تایەفەگەری ناوخۆیی بگرێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لەوەدا بوو كە نەیهێشت تەشەنە بكات و بگاتە ئاستی شەڕێكی ناوخۆیی كراوە.

دەربارەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیش لەبارەی مانەوەی بەشێك لە سوپای ئەمەریكا بۆ ئەوەی مەشق و ڕاهێنان بە سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق بكەن. (سەرۆك بارزانی) گووتی ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە دەبێت سوپای عێراق توانای پاراستنی ئاسمان و خاك و سنوورەكانی عێراقی هەبێت لە هەموو مەترسییەكان.

بێژەرەكە پرسی مەترسی لە كێ و لە چی؟ ( سەرۆك بارزانی) لە وەڵامدا گوتی لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك بۆسەر سنوور و ئاسایشی عێراق، هیچ لایەنێك نییە بە دیاریكراوی، بەڵام لە ئێستادا ئاسمانی عێراق ئاسمانێكی كراوەیە بۆ هەموو مەترسی و هەڕەشەیەك.

\""ئامانجی ڕێككەوتننامەی بەدی هاتووە و ئەركی دەوڵەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانە كە پارێزگاریی لێ بكەن\""

لەبارەی ڕێككەوتننامەی \""هەولێر\"" و ئەو ناكۆكییانەی كە ئێستا لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا هەیە، (سەرۆك بارزانی) گووتی ئەو دەستپێشخەرییەی ئێمە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی بوو، ئەو ئامانجەیش بەدیهات و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق پێكهێنرا و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆككۆماریش لە ئەنجامی ئەو ڕێككەوتننامەدا هەڵبژێردران. ئێستایش ئەركی دەوڵەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانە كە ئامانجەكانی دیكەی ئەو ڕێككەوتننامەیە بەدی بهێنن و پارێزگاری لێ بكەن.

هەروەك (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی ڕەت كردەوە كە ڕێككەوتننامەی هەولێر هیچ بەندێكی نهێنیی تێدا بێت و وەك فشار لەلایەن كوردەوە بەكار بهێنرێت و گووتی:\"" هەموو بەندەكانی ئاشكرایە و لەكاتی خۆیدا ڕاگەیەندراوە\"".

\""كێشەكان هەموویان پەیوەندییان بە پابەندبوون و پابەندنەبوون و شرۆڤەكردنی دەستوورەوە هەیە\""

لەبارەی هۆكاری كێشە سیاسییەكانی ئێستای عێراق و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیشەوە (سەرۆك بارزانی) هۆكارەكانی گەڕاندەوە بۆ مەلەسەیەكی دیاریكراو ئەویش زەروورەتی پابەندبوونی تەواوە بە دەستوورەوە. بەڵام كاتێك هەر لایەنێك بە ئارەزوو و میزاجی خۆی شرۆڤەی دەستووری كرد ئەو كات ناكۆكییەكان سەرهەڵدەدەن.

پێشكەشكارەكە پرسی:\"" دەی كەواتە كێ بەرپرسە\"". (سەرۆك بارزانی) گووتی: لایەنێكی دیاریكراو نییە كە بەتەواوەتی هەموو بەپرسیارێتیەكە بخرێتە ئەستۆی، بەڵام ئەوەی كە دەوڵەت بەڕێوە دەبات بەرپرسی سەرەكییە لە بوونی كێشە و قەیرانەكان.

\""كەواتە مەبەستت (مالیكی)ـیە؟\"". بەڵێ! چونكە ئەو سەرۆكوەزیرانی عێراقە و هەروەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە.

\""ئێمە بە تەواوی پابەند بووین بە دەستوورەوە\""

لەبارەی هۆكاری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدایشەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕوونی كردەوە كە ئێمە بەتەواوی پابەند بووین بەدەستوورەوە. چونكە ئێمە بایەخ و گرنگی پێش هەموو شتێك بە بەرژەوەندییە باڵاكانی عێراق دەدەین. ئێمە دیموكراسیەت و فیدڕاڵییەت و شەراكەتی ڕاستەقینەمان بەلاوە گرنگە، ئەوەیش لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقییەكاندا. بێگومانیش پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی خۆمانمان بەلاوە گرنگە و بەرگریی لێدەكەین.

ئەو ناكۆكیانەیشی كە هاتوونەتە ئاراوە هۆكارەكەی ئەوەیە كە حكوومەتی فیدراڵی پێداگیری لەسەر شرۆڤە و تەفسیرێكی تاكلایەنەی دەستوور دەكات بۆیە كێشەكان كەڵەكە بوون. هەرچی ئێمەیە مكوڕین لەسەر ئەوەی كە بە تەواوی پابەندبووین بە دەستوورەوە و ئامادەیشین لە هەر كوێیەكدا خەرقی دەستوورمان كردبێت لێی پاشگەز بینەوە.

\""خانەقین شارێكی كوردستانییە و مافی خۆمە سەردانی بكەم، پێشمەرگەیش بۆ پاراستنی سەرجەم هاووڵاتیانی ناوچەكە چووەتە ئەوێ\""

بێژەرەكە پرسی:\"" ئێوە بۆ مەسەلەی ناوچە كێشەدارەكان پشت بە ماددەی 140 دەبەستن، بەڵام هەندێك دەڵێن ئێوە تەجاوزی ئەو ماددەیەتان كردووە و پێشوەختە سەردانی خانەقینتان كرد و لەوێ ڕاتانگەیاند كە شارێكی كوردستانییە. پاشان هێزی پێشمەرگەیشتان بردووەتە ئەو شارەوە بۆ ئەوەی پارێزگاریتان لێ بكات\"".

لە وەڵامدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گووتی هیچ كەسێك نكۆڵی لەوە ناكات كە خانەقین شارێكی كوردستانییە، تەنانەت ڕژێمی بەعسی پێشوویش هیچ كاتێك لەسەر كوردستانیبوونی خانەقین دانوستاندنی لەگەڵ نەكردووین. كەواتە من مافی خۆمە سەردانی خانەقین یان هەر شارێكی دیكەی عێراق بكەم.

لەبارەی چوونی هێزی پێشمەرگەیشەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئەو هەنگاوە پاش ئەوە هات كە هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانەدا تووشی پاكتاوی ڕەگەزی دەبوون و بەداخەویش حكوومەتی بەغدا چاوی لەو مەسەلەیە دەخەواند. لەهەموویشی نیگەرانكەرتر ئەوەبوو كە خەڵكانێك لەڕیزەكانی پۆلیس و سوپای عێراقدا دەستیان لەگەڵ تیرۆریستاندا تێكەڵ كردبوو وە لە ژێرەوە بۆ پاكتاوكردن و ڕاگواستنی هاووڵاتیانی كورد لەو ناوچانەدا هاوكارییان دەكرد.

كاتێكیش كە پێشمەرگە چووەتە ئەوێ بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی ئەو ناوچەیەیە نەك تەنیا بۆ پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیانی كورد بە تەنیا. وە نایشبێت ئەوە نكۆڵی لێ بكرێت كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە هێزی بەرگریی عێراق.

\""مافی چارەنووسی مافێكی سرووشتی خۆمانە و ئەگەر گەلی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری جیابوونەوە بدەن، ئێمە بەو خواستەوە پابەند دەبین و باجەكەیشی هەرچییەك بێت دەیدەین\""

لەبارەی پیادەكردنی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان و قۆناغی پاش فیدڕاڵیزم بە جاڕدانی سەربەخۆییشەوە، (سەرۆك بارزانی) گووتی مافی چارەی خۆنووسین مافێكی سروشتی هەموو گەل و نەتەوەیەكە، ئێمەیش مافی خۆمانە كە ئەو مافەی خۆمان پیادە بكەین.

هەرچی پەیوەندی بە سەربەخۆیی و جیابوونەوەیشە لە عێراق ئەوا دەستوور باسی لەوە كردووە كە پابەندبوونی تەواوەتی بە دەستوورەوە گەرەنتی بە یەكپارچەیی مانەوەی خاكی عێراقە، ئەوەیش قسەی من نییە ئەوە دەقی دەستووری عێراقە، كاتێكیش كە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە یان خۆدزینەوە لە پابەندبوون و جێبەجێكردنی دەستوور بدرێت بێگومان ئەوكات خاكی عێراقییش بە یەكپارچەیی نامێنێتەوە.

هەروەها جەختی كردەوە ئێمە زیاتر یان كەمتر لەوەی كە لە دەستووردا بۆمان دیاریكراوە نامانەوێت، بەڵام كاتێكیش گەلی كوردستان یان پەرلەمانی كوردستان لە ڕاپرسییەكدا بڕیاری لە سەربەخۆیی دا ئەو كات ئێمە بەو خواستەوە پابەند دەبین.

بێژەرەكە پرسی \"" هیچ كاتێك ئەم مەسەلەیەت وەك فشار بەكارهێناوە؟ واتە داوا لە پەرلەمان بكەی كە بۆ فشارێكی سیاسیی ئەم مەسەلەیە بوروژێنێت؟\""

(سەرۆك بارزانی) لە وەڵامدا گووتی: من هیچ كاتێك ئەم مەسەلەیەم وەك فشار بەكار نەهێناوە و هەڕەشەیشی پێناكەم. بەڵام لە كاتی پابەندنەبوون بە دەستوور و نكۆڵیكردن لە مافەكانمان ئەوا ئەو كات دەگەڕێینەوە و پرسی گەلی خۆمان دەكەین. كاتێكیش كە گەل بریاری سەربەخۆیی دا ئەو كات پەسەندی دەكەین و بەهەر باجێك بێت.

\""هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕاون، ئەوەی ئێستا ئەستەمە لەوەیە 10 یان 20 ساڵی دیكە مومكین بێت\""

لەبارەی ئەستەمیی هەنگاوێكی لەو شێوەیەی گەلی كوردستانیشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی وڵاتانی دراوسێی وەكو عێراق و سووریا و توركیا و ئێران. (سەرۆك بارزانی) گووتی ئێستا هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕاون و ڕەوشە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەوەی ئێستادا مومكینە پێش 20 ساڵ زۆر ئەستەم بوو. كەواتە ئەوەی ئێستایش لەوانەیە ئەستەم بێت پێدەچێت 10 یان 20 ساڵی دیكە مومكین بێت.

بەڵام دووپاتی دەكەمەوە لەو كاتەی كە ئێمە بڕیاری سەربەخۆیی دەدەین ئامادەین دەرەنجامی ئەم كارەمان قبوڵ بكەین و باجەكەیشی بدەین هەر چییەك بێت.

لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش لەبارەی پرسی سەربەخۆیی كوردستانەوە (سەرۆك بارزانی) گووتی ئەوە دەستەڵاتی نە یەكێتی و نە پارتی نییە بەڵكو ئەوە پەرلەمانی كوردستان و ڕاپرسی هاووڵاتیانی كوردستان دیاری دەكات.

\""بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی خزمەت بەهیچ لایەك ناكات\""
لەبارەی مەسەلەی كوردیش لە توركیا و ئێرانیش (سەرۆك بارزانی) گووتی من لەگەڵ تەواوی مافەكانی كورددام لە توركیا و ئێران بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هێز و چەك و ڕێگەچارەی سەربازییدا نیم، چونكە هیچ دەرەنجامێكی نابێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەیشی كە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست هاتووە ئەنجامی ساڵانێكی زۆرە لە خەباتی چەكداری؟ (سەرۆك بارزانی) گووتی ڕەنگە جاران ئەو شێوازە كاریگەر بووبێت بەڵام لە ئێستادا كاریگەریی نەماوە و لە ئێستادا شەڕ دەبێت بە ڕێگەچارەی سیاسیی و لەناو پەرلەماندا بكرێت.

لە توركیا كورد نوێنەرێكی زۆری لە پەرلەماندا هەیە دەكرێت لە ناو هۆڵی پەرلەماندا پرسی مافەكانی كورد بوروژێنێت. لە ئێرانیش دەكرێت لە ناوەندە نێودەوڵەتی و جیهانییەكاندا ئەم پرسە لە ڕێگەی گرتنەبەری خەباتی دیپلۆماسییەوە كاری لەسەر بكرێت.

\"" بەهەموو شێوەیەك پشتگیری و پشتیوانی لە مافەكانی كورد لە سووریا دەكەین\""

بێژەرەكە پرسی \""جەنابی سەرۆك زۆرێك وای بۆ دەچن كە ئێوە لەبارەی ڕووداوەكانی سووریاوە بێدەنگیتان هەڵبژارد تا ئەو كاتەی كە (مەشعەل تەمۆ) تیرۆر كرا ئەو كات بەدەنگ هاتن\""

لە وەڵامدا (سەرۆك بارزانی) گووتی نەخێر ئێمە هەرگیز بێدەنگ نەبووین و هەمیشە هەڵوێستمان هەبووە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە هەر گۆڕانكارییەك لە سووریادا ڕوو بدات ئەوە بڕیاری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەیە كە بڕیاری لێ بدەن.

مەسەلەی دووەمیش ئەوەیە كە تا ئێستا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ددانیان بە مافەكانی كورددا نەناوە. ئەوەیش لە هەڵوێستەكانی لایەنەكان لە كۆبووونەوەكانی توركیا و ئەوروپادا دەركەوت كە ئەوان تا ئێستا هیچ پلانێكیان بۆ دداننان بە مافەكانی كورددا نەبووە و نییە.

هەروەك ئێمە زۆر نیگەران و بێتاقەت دەبین لەوەی كە هیچ هاووڵاتییە ك لە سووریادا شەهید بێت و خوێنی بڕژێت. بەڵام بەهەموو شێوەیەك پشتیگیری لە مافەكانی كورد لەو وڵاتەدا دەكەین و بەهەموو شێوازێك كە پێویست بێت پشتگیرییان دەكەین.

\""داواكارییەكانی خۆپێشاندەران بەشێكی زۆریان ڕەوا بوون و ئێمەیش كارمان لەسەر كردووە\""

دەربارەی خۆپێشاندانەكانی مانگی شووبات و ئاداری ڕابردووی دەڤەری سلێمانیش سەرۆكی هەرێم كوردستان گووتی پێش هەموو شتێك حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنێكی پاك، ئەوەیش بە ددانپێدانی ڕێكخراوە دەرەكییەكان و سەرجەم كۆنسوڵانە و باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی بیانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێكی زۆر لە داواكارییەكانی خۆپێشاندەران ڕەوا بوون، ئیمەیش كارمان لەسەر كردووە. هەروەك من چاوم بە سەركردەكانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كەوتووە و هەموومان هەوڵی یەكخستنی ماڵی كورد دەدەین.

من خۆم بەرنامەیەكی چاكسازییم هەیەو ڕام گەیاندووە. هەروەك لێژنەیەكی تایبەتیشم دروست كردووە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكات و دژایەتی گەندەڵی كات.

لەبارەی گەندەڵیشەوە گووتی: بەڵێ گەندەڵی لە كوردستاندا هەیە و نكۆلًی لێناكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی جارەكان زیادەڕەوی لە باسكردنیدا دەكرێت. بەڵام ئێمە ئێستا لە سەروبەندی دەستەیەكی تایبەتین بەناوی دەستەی نەزاهە كە كاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت و ئێمەیش بەهەموو شێوەیەك پشگیریی لێدەكەین.
\""مەسیحییەكان لە كوردستاندا هەمیشە ڕێزگیراو و پارێزراون\""
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەیشی كە باس لەوە دەكەن كە مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستاندا تووشی پاكتاوی نەژادی دەبنەوە و كورد ئێستا ڕۆڵی جەللاد دەرهەق بەوان دەگێڕێت. (سەرۆك بارزانی) گووتی نەخێر بە پیچەوانەوە، من پارساڵ كاتێك سەردانی (قەداسەتی پاپا)ـم كرد لە ڤاتیكان زۆر بەتایبەتی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەكردم لەسەر ئەو پشتیوانی و پاڵپشتییەی كە لە مەسیحییەكانی دەكەم و لەسەر ئەوەی كە چۆن كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆیان.

هەر بۆیە من هەمیشە پشتگیریی لە مافەكانی ئەوان دەكەم و هەمیشەیش ئەوان لە كوردستان ڕێزلێگیراو و پارێزراون. "
Top