راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوە ھاوبەشەکەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی

راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوە ھاوبەشەکەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی
ئەمڕۆ سەرۆک مەسعود بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کرد کە تێیدا چەند تەوەرێکی گرنگ خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
گرنگترین ئەو تەوەرانەی کۆبوونەوەکە باسی لێوەکرد بریتی بوون لە:-

•سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ شاری کەرکوک
کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک بە پێویست زانرا و بەرزنرخێندرا و جەخت کرایەوە کە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە ئاوەدان کردنەوە وگەیاندنی خزمەتگوزاریەکان بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە بە کورد و عەرەب و تورکمان و کلدو ئاشورییەوە.

•لەتەوەرێکی دیکەدا باسی ھاوپەیمانێتی نێوان ھەردوولا کرا و جەخت لەسەر یەک ھەڵوێستی وپاراستنی ئەم ھاوپەیمانیەتیە کرا و ھەوڵدان بۆ زیاتر رێکخستنی نێو ماڵی کوردی و بەرەنگاربوونەوەی پلانی ناحەزانی خەڵکی کوردستان و ھەوڵدان بۆ کاراتر کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی.

•سەردانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
لەروانگەی بەخەمەوەبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان شاندەکە بەدواداچوون و دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەکات و کۆبوونەوەکان بەشێوەی رێک وپێک بەڕیوەدەچێت و گفتوگۆکان ئەرێنین و بۆ ھەر بوارێک لێژنەیەکی تایبەت دیاریکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

•چاکسازی لەبوارە جیاجیاکاندا
ھەردوو مەکتەبی سیاسی پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆژە چاکسازییەکەی سەرۆکی ھەرێم دووپاتکردەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان چونکە بەقازانجی ئەزموونی کوردستان شکاوەتەوە.
•سەبارەت بەحزبە کوردستانییەکان و ئۆپۆزسیۆن
ھەردوو مەکتەبی سیاسی ئاسایی بوونی پەیوەندییەکانیان لەنێوان تەواوی لایەنەکانی سیاسی ناو پڕۆسەی سیاسی بەکارێکی دروستی ئەم سەردەمە زانی و کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ھاوھەڵوێستی ھەردوولا کردەوە لەسەر باوەڕبوون بەدیالۆگ و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ و لێک حاڵی بوون و گۆێ لەیەکتر گرتن لەروانگەی ھەست کردن بەمسئولیەت لەم وێستگە ھەستیارەی ناوچەکەمان و خۆ بە بەرپرسیار زانین بەرامبەر بە پێشھات و رووداوەکان .

•قۆناغی دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
کۆبوونەوەکە لەو باوەڕەدایە چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەاکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەم چەند مانگە کارئاسانیەکی زۆرە بۆ کەم کردنەوەی گرفت و ئاستەنگەکان بۆیە بەباش زانرا بەگوێرەی بەرنامەیەکی دیراسەکراو ئامادەکاری تەواومان ھەبێت بۆ ئەگەرو رووداوەکانی دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەگشتی و لەناوچەکانی مادەی ١٤٠ بەتایبەتی.

لە کۆبوونەوەکە تەئکید لەسەر ھاوھەڵویستی و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو لا کرا بۆ رێکخستنی نێو ماڵی کوردی.
مەکتەبی سیاسی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان
Top