سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای رەوتی دیموكراتی دەكات
لە دیدارێكدا ، شاندی باڵای رەوتی دیموكراتی كورتەیەكیان دەربارەی پێكهات و ئامانجی رەوتەكەیان لە بواری سیاسی و ئابووری و یاسادانان و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ژێرخان و پەروەردە و رۆشنبیری و راگەیاندنەوە پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد و تەئكیدیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی كردەوە بە مەبەستی بونیادنانی عیراقێكی فیدراڵ و دیموكراتی پێشكەوتوو و ئاماژەیان بەوەكرد كە نزیكبوونەوەی هێزو لایەنە دیموكراتیەكان كە هێزو لایەنە كوردستانییەكان بەشێكن لێیان هێزێكی تر دەبەخشێتە پرۆسەی سیاسی عیراق لە رێگەی راستكردنەوەی رەوتی پرۆسە سیاسیەكە و هێنانەدی چاكسازی سیاسی لە گشت بوارەكاندا .
سەرۆك بارزانی ، وێرای تەئكیدكردن بە پابەندبوون بە دەستوور وەكو زەمانەتێك بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی هەموو گیروگرفتەكانی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی عیراق ، رایگەیاند كە رەوتی دیموكراتی رەوتێكی نامۆ نییە لە گەلی كوردستان و هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دروشمی دیموكراتیەت ببووە دروشمی سەرەكی شۆڕش و پێمان وایە لە كەشێكی دیموكراتدا هەموو كێشەوگیروگرفتەكان دێنە چارەسەركردن و سەبارەت بە رەوتەكەش پشتگیری تەواوی خۆی بۆ شاندەكە راگەیاند و داوای لێكردن بەكردەوە درێژە بە كاروچالاكیەكانیان بدەن.
تاوتوێكردنی دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی و ئەمنی وڵات تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
