سلێمانی.. پارته‌ كوردییه‌كانی سوریا كه‌مپینی پشتیوانیان له‌هاووڵاتیانی سوریا راگه‌یاند

سلێمانی.. پارته‌ كوردییه‌كانی سوریا كه‌مپینی پشتیوانیان له‌هاووڵاتیانی سوریا راگه‌یاند
له‌شاری سلێمانی ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانانی پارته‌ كوردییه‌كانی كوردستانی سوریای دانیشتوی سلێمانی، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان سازكرد.

له‌وكۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی كه‌مپینی پشتیگیریكردنیان له‌ ئازادی رۆژئاوای كوردستان و شۆڕشی سوریایان راگه‌یاند، هه‌روها رایانگه‌یاند كه‌ ئێستا وڵاتی سوریا به‌ قۆناغێكی هه‌ستیارو چاره‌نوسسازدا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌ركی پارته‌ كوردییه‌كانی سوریایه‌ وتار و ده‌نگیان یه‌كبخه‌ن بۆ پشتیوانیكردن له‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ وڵاتی سوریادا بێته‌ئاراوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكرا كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی سوریا رێز له‌ئازادی و مافه‌كانی كوردانی سوریا بگرێت، رازیبێت به‌ جێبه‌جێكردنی ماف و داخوازییه‌كانی كورده‌كانی كوردستانی سوریا، هه‌روه‌ها ماف و داخوازییه‌كانیان بپارێزێت.

له‌به‌شێكی تری كۆنگره‌كه‌دا ئه‌وه‌ روونكرایه‌وه‌ كه‌ له‌م كه‌مپینه‌ كاتییه‌دا زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراو و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كوردستانی سوریا به‌شداریان تێداكردووه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی كه‌مپینه‌كه‌ش بۆ پشتیوانیكردنه‌ له‌ داخوازی هاووڵاتیانی سوریا كه‌ داوای ئازادی و مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، هاوكات دووپاتكردنه‌وه‌ی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌و ده‌نگ و لایه‌نانه‌ی كه‌ خه‌باتده‌كه‌ن له‌پێناو هاتنه‌ئارای گۆڕانكاری بنچینه‌یی گرنگ له‌سیستمی حكومڕانی وڵاتدا.

له‌ به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكی چاره‌نوسسازداین له‌ مێژووی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان و سوریا به‌گشتی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ قوربانی شۆڕشی ئازادی له‌بن نه‌هاتوو بێگومان سه‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌مكاته‌دا هێزه‌كانمان یه‌كبخه‌ین و رێڕه‌وی خه‌باتمان پێشبخه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان له‌ ئازادییه‌كی ته‌واو پێگه‌یشتوودا، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ به‌گرنگمانزانی ئه‌م كه‌مپینه‌ رابگه‌یه‌نین كه‌پێكهاتووه‌ له‌چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ یه‌كخستنی خه‌باتی كوردو هه‌ماهه‌نگی میكانیزمه‌كانی كار له‌نێوان ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، هاوكات پێشكه‌شكردنی هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئامانجیانه‌ گۆڕانكاری له‌ سوریا بێته‌ئاراوه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ین بۆ فریاگوزاری و پشتگیری لۆجستی له‌كاتی پێویستدا.

له‌كۆتایی به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌كه‌دا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌ به‌شداری زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراو و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كوردی رۆژئاوای كوردستان كه‌ له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێین، له‌ئه‌مڕۆدا 28-9 بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و پێویست، دامه‌زارانی ئه‌م كه‌مپینه‌ راده‌گه‌یه‌نین.


-PUKmedia
Top