سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەكات
ئەمرۆ سێشەممە 27/9/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.

لە دیدارێكدا ، باری هەرێمی كوردستان لە هەموو ئاست و رووەكانەوە بیروڕای لە بارەوە ئاڵوگۆڕكرا و رووناكیش خرایە سەر دوایین هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی رووەو ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەركردنی گیروگرفتەكان و لەم بارەوە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد كە ئێستا كەشە نەفسی و سیاسیی هەرێم گونجاوترە و هەنگاو و بڕیارەكانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بەرزنرخاند و رایگەیاند كە هەنگاوەكانی جێی رێزو پێزانینی هەموو لایەنە سیاسییەكانە و هەموو لایەك چاوی بڕیوەتە بەرێزیان و هەر لە كەسایەتی ئەو دەوەشێتەوە هەموو خەڵكی كوردستان لە سەر یەك ئامانج كۆبكاتەوە و دوا ئەنجامی كۆبوونەوەی بەرێزیشیانی لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی كوردستان بە زۆر ئیجابی وەسفكرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەموو لایەنەكان هاریكاری سەرۆك بارزانی بێت لە ئەنجامدانی ئەو بەرنامە چاكسازییەی كە لەبەر دەستیدایە .

سەرۆك بارزانی بوونی جیاوازی لە دیدوبۆچوونی لایەنە سیاسییەكان بە شتێكی سروشتی دانا و رایگەیاند كە لە ناو یەك خێزاندا جیاوازی لە دیدوبۆچوون هەیە ، بۆیە شتێكی زۆر سروشتییە جیاوازی لە بیرو بۆچوونی چەند لایەنێكیش هەبێت ، گرنگ ئەوەیە چ دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بە نەفەسێكی بونیاتنەرانە دیدوبۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو و دەسەڵاتیش نابێ‌ بە گۆمانەوە سەیری ئەو بۆچوونە جیاوازانە بكات ، ئێمە یەك خێزان و یەك میللەتین بۆیە دەبێ‌ هەر هەموومان بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن خزمەت بە میللەتەكەمان بكەین بەرەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی.

سەبارەت بە دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان و دامەزراندنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و یاسای دەزگای نەزاهە و هەروا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ، هەر دوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی ئەو دامەزراو و یاسایانە بۆ گەلی كوردستان و ئەنجامدانیان بە شێوەیەكی تەوافوقی و هەموو لایەنەكانیش بەشداری لە وەرگرتنی بڕیاری سیاسی بكەن بە تایبەتی ئەو بڕیارانەی كە پەیوەندیان بە چارەنووسی سەرجەم خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانەوە هەیە.
تاوتووێكردنی رەوشی سیاسی و عیراق و كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پرۆسە سیاسییەكەی و دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Top