سەرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی نێردراوی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدراڵ و هاوپەیمانی نیشتمانی دەكات
لە دانیشتنێكدا ، وێرای دەربڕینی رێزوحورمەت ، شاندی نێردراو رۆڵی سەرۆك بارزانی _یان لە پرۆسەی سیاسی عیراق بەرزنرخاند و رایانگەیاند كە سەرۆك بارزانی كەسایەتیەكی نیشتمانییە و لە خێزانێكی خەباتكەرە و ئەو رۆڵە نیشتمانیەی كە لە مێژووی عیراقی نوێدا نواندویەتی جێی رێزو پێزانینی هەموو لایەنە سیاسیەكانی عیراقە بەتایبەتی لە لایەن هاوپەیمانی نیشتمانییەوە.
هەر لە دانیشتنەكەدا باس لە پەیوەندی مێژووی نێوان هەردوولا كرا و تەئكیدیان لە پابەندبوون بە دەستوور و ئەو رێككەوتنانە كردەوە كە بووە هۆی پێكهێنانی حكومەتی ئێستا و زۆر بە وردیش باس لەو كێشانەی ئەم دواییەی كران.
سەرۆك بارزانی سوپاسی هاتنی شاندەكەی كردو تەئكیدی لەوەكردەوە كە پێویستە هەموو لایەك هاوكاربن بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی دیموكراتیش فراوانتر بكرێت و لەم رووەوە ئاماژەی بەوەكرد كە پابەندبوون بە دیموكراتیەت گرنگی خۆی هەیە و مەرجیشە بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان مافیان هەبێ لە عیراقێكی دیموكراتدا.
جێی ئاماژەیە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر باشتر و چاكتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان بۆ ئەوەی لە كاتی روودانی هەر كێشەیەك بە زووترین كات بێتە چارەسەركردن.
