برایەتیى نەینەوا: كەشوهەوا بۆ دانوستاندن لەگەڵ حەدبا گونجاوە
خەسرۆ گۆران بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند كەمبوونەوەى تەنگژەیل لە بەغدا و هێوركردنەوەى دۆخەكە بەشێوەیەكى گشتى، كاریگەریى ئەرێنى لەسەر دۆخى ناوچەكانى تریش دەبێ، لەوانە مووسڵَ.
هاوكات ئاماژەى بەوە دا سەردانەكەى ئەم دواییەى نوجێفى بۆ هەولێر پێوەندیى بە كێشەى نێوان ئەو دوو لیستە ركابەرەى نەینەواوە نییە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵدا لە 31 كانوونی دووەم/یەنایەری 2009دا لە كۆى 37 كورسی لیستی حەدبا 19 كورسیى ئەنجوومەنی پارێزگاكەی بردەوە و لیستی برایەتیی نەینەوا، بەبەدەستهێنانى 12 كورسی پلەى دووەمى بەدەست هێنا.
لە ناوەڕاستی مانگی نیسان/ئەپریلى هەمان ساڵدا بەبێ بەشداركردنى لیستە براوەكانى تر پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بەسەر ئەندامانی خۆیدا دابەش كرد، بەو هۆیەشەوە لیستى برایەتیى نەینەوا لە دانیشتنەكە كشایەوە و زیاتر لە 15 شارۆكە و شارەدێى سەر بەپارێزگاى مووسڵ وەك ناڕەزایى دەربڕین لەبەرامبەر بەشدارنەكردنى لیستى برایەتى لە پۆستەكانى پاریزگاكەدا بڕیاریان دا بایكۆتى ئیدارەى نوێى مووسڵدا بكەن.
برایەتیى نەینەوا داواى پۆستى سەرۆكى ئەنجوومەنى پارێزگا و جێگرى پارێزگار دەكا، لە دوو ساڵى رابردوودا هەردوو لیست زنجیرەیەك دانوستاندنیان كردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ رێكەوتنێك بۆ كۆتاهێنان بە كێشەى نێوانیان.
گۆران گوتى ئێستە كەشوهەوا بۆ ئەنجامدانى دانوستاندن لەنێوان هەردوو لیستدا گونجاوە و پێشبینیشى كرد لەو بارەوە گفتوگۆ و دیدار بێتە كردن.
