سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیناتی ویلایەتی كالیفۆرنیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیناتی ویلایەتی كالیفۆرنیا دەكات
دوێنێ چوارشەممە 21/9/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی سیناتی ویلایەتی كالیفۆرنیا بە سەرۆكایەتی سیناتۆر ئەلین كۆربیت.

لە دیدارێكدا ، شاندی سیناتی ویلایەتی كالیفۆرنیا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد سەبارەت بە رەوشی هەرێم پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و سروشتی حوكمرانی هەرێمی كوردستان و بەراوردكردنی لەگەڵ سروشتی حوكمرانی لە ویلایەتی كالیفۆرنیا و پەیوەندی گەلی كوردستان بە گەلانی دراوسێی ، بەتایبەتی توركیا و هەروا رەوشی سیاسی و ئەمنی عیراق و چۆنیەتی بەشداربوونی كۆمپانیاكانی ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا و ئەو تەحدیاتانەی كە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە و سەرۆك بارزانی زۆر بە وردی وەڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە و بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بەو مەسەلانە خستەڕوو و كورتەیەكی دەربارەی مێژووی كورد پاش شەڕی یەكەمی جیهان . و ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی كە دووچاری بووە تا دەگاتە راپەڕینی ساڵی 1991 و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هاتنەكایەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شاندی میوان سەرسامی خۆیان بە كەسایەتی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و ئەو ئازایەتیە دەربڕی لە بەرگریكردن لە مافی گەل و ئەو لە خۆ بوردییەی كە پاش راپەڕین نواندویانە و هەڵوێستی ئاشتیانەی سەرۆك بارزانی یشیان بەرزنرخاندو دەستخۆشیان لێكرد بۆ ئەم هەموو پێشكەوتنەی كە لە گشت بوارەكانی هەرێمدا هاتونەتەدی و سەرسورمانی خۆشیان دەربڕی لە ئاست ئەو پێشكەوتنانە كە لە ماوەیەكی كورتدا بەدی هاتون و ئامادەیی ویلایەت و كۆمپانیاكانی كالیفۆرنیایان نیشاندا لە هاریكاری كردنی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێم و ئەو تەحدیاتانەی كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
Top