هاوکارە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەی کوردستان دەکەن

هاوکارە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەی کوردستان دەکەن
هەشتەمین کۆبوونەوەی هاوکارە نێودەوڵەتیەکانی کوردستان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو

ئەمڕۆ ٢١/٩/٢٠١١ بە ئامادەبوونی دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشتەمین کۆبوونەوەی هاوکارە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە بابەتی گفتوگۆکردنی کۆبوونەوەی ئەم جارە پەرەپێدانی کەرتی پەروردە بوو.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەت سەبارەت بەم دانیشتنە، سەفین دزەیی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر هەلومەرجی پەروەردە بەگشتی و تیشکی خستەسەر کێشە و گرفتەکان و کارەکانی حکومەت بۆ بەرەوپێش بردنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

پاشان نوێنەری رێکخراوی یونسکۆ بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر پرۆژەکانی رێکخراوەکە لە بواری پەروەردە و تیشکی خستەسەر پرۆژەکانی داهاتوویان بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردەدا.

لەکۆتایدا وەزیری پلاندانان باسی لە گرنگی بەشداری هاوکارە نێودەڵەتییەکان کرد لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و گەڵاڵە کردنی پرۆژەی هاوبەش.
Top