سەرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی گشتی دەسەڵاتی فەلەستینی لە هەرێمی كوردستان دەكات
لە دیدارێكدا ، باڵیۆز نەزمی حزوری سڵاوی بەرێز مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی گەیاندە سەرۆك بارزانی و رایگەیاند كە گەلی فەلەستینی بە بایەخەوە سەیری ئەزموونە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان دەكات و خوازیارە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولا پتەوتر بكات و رۆڵی سەركردایەتی سەرۆك بارزانیشی بەرزنرخاند نەك هەر لە هەرێم و عیراق بەڵكو لە گشت ناوچەكەدا و كورتەیەكی دەربارەی رەوشی ئێستای دەسەڵاتی فەلەستین و ئاراستەكانی ئایندەی دەسەڵات و گەلی فەلەستینی پێشكەش بە بەرێزیان كرد.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی دێرینی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و فەلەستینی كرد و رایگەیاند كە ئەو دوو گەلە مێژوو و ئازارو كێشەیەكی عادیلانە كۆیان دەكاتەوە و هەر دوولاش خاوەن ئەزموونی خۆیانن و دەكرێ لە زۆر شتدا هاریكاری یەكتر بن.
سەبارەت بە قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولاش ، سەرۆك بارزانی جەختی لەوەكردەوە كە دەرگای هەرێم كرایەوە لە بەردەم وەبەرهێنە فەلەستینیەكان.
ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەشدا سەرۆك بارزانی داوای لە باڵیۆز نەزمی حزوری كرد كە سڵاو و رێزی بگەیەنێتە براو دۆستی ئازیزی سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی.
